لە چەندان دۆزینەوەدا دەركەوتووە، 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر، بە تەنیا نیاندەرتاڵەكان لە ئەوروپادا نەدەژیان، بەڵكو هەندێ لە هۆمۆساپییەكانیش، گەیشتبوونە ناوچە جیاوازەكانی ئەوروپا، پێشتریش ددانی هۆمۆساپییەكان لە فڕەنسا دۆزرایەوە كە تەمەنەكەی دەگەڕایەوە بۆ 54 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
لەم ماوەیەدا دۆزینەوەی كەرەستە و پارچە ئێسكەكانی هۆمۆساپییەكان لە ئەشكەوتی Ranis ی ئەڵمانیا، ئەوەی دەرخست كە 45 هەزار ساڵ لەمەوبەر، هۆمۆساپییەكان بەو ناوچانەی باكوری ئەوروپاش بڵاو بووبوونەوە، خوێندنەوەی ڕیزبەندی DNAی پارچە ئێسكە دۆزراوەكان، ئەوەی چەسپاند كە ئەو مرۆڤانەی ئەشكەوتی Ranis هۆمۆساپییەكان بوون.
گۆران ئیبراهیم كە توێژەرێكی دیاری كوردە و لەمبارەیەوە نووسیویەتی، نەك بە تەنیا كەرەستە و پارچە ئێسكی هۆمۆساپییەكان لەو ئەشكەوتەدا بینراوەتەوە، بەڵكو پارچە ئێسكی چەند ئاژەڵی وەك woolly rhino و reindeer بینراوەتەوە، ئەوەش دەركەوتووە ئێسكی ئەو ئاژەڵانە لەلایەن ئەو مرۆڤانەوە شكێنراون و گۆشتەكانیان خوراوە.
گۆران باسی لەوەش كردووە، جاران وا بیر دەكرایەوە كە دەوروبەری 40 بۆ 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر، نیاندەرتاڵەكان وردە وردە نەمان و پاشان هۆمۆساپییەكان شوێنی نیاندەرتاڵەكانیان گرتووەتەوە، بەڵام ئەم دۆزینەوانەی كەرەستە و ئێسك و ددانی هۆمۆساپییەكان، ئەوەمان بۆ دەردەخات كە گۆڕانكارییەكە بەو شێوەیە نەبوو. ئەو دوو جۆرە مرۆڤە، واتە نیاندەرتاڵەكان و هۆمۆساپییەكان، بە هەزاران ساڵ لە ناوچە جیاوازەكانی ئەوروپادا شانبەشانی یەكت ژیاون، ئەگەری زۆرە كە لە زۆرجاریشدا چاویان بە یەكتر كەوتبێت و بەلای یەكتردا تێپەڕ بووبن.
ئەم توێژەرەی كورد دەڵێـت، ئەو دۆزینەوانە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە هۆمۆساپییەكان، ڕاهاتبوون لەسەر ئەو كەشوهەوا بەستەڵەكەی ئەوروپا كە زۆر لە سایبریای ئێستە دەچوو، بەڵام پرسیارە گرنگەكە لێرەدا ئەوەیە، ئەو هۆمۆساپییانەی لەو سەردەمانەدا گەیشتنە ئەوروپا، بۆچی گەشەی زیاتریان نەكرد و سەرئەنجام نیاندەرتاڵەكان مانەوە و ئەوان نەمان؟
زاناكان وای بۆ دەچن كە گرووپە هۆمۆساپییەكانی ئەو سەردەمە، زۆر بچووك بوون و لە ژێر مەترسیی زۆرتری گۆڕانی كەشوهەوادا بوون. لە كاتێكدا نیاندەرتاڵەكان بە سەتان هەزار ساڵ كاتیان هەبووە بۆ خۆگونجاندن لەسەر كەشوهەوای ئەو ناوچانەی ئەوروپا، هۆمۆساپییەكان ئەوەندە كاتی خۆگونجاندنیان نەبووە و زیاتر خۆڕاهاتنیان كردووە لەسەر ئەو كەشوهەوا ساردە.