بەپێی نوێترین ئامار، نزیكی 70%ی خەڵكی عێراق، بەلای كەمەوە یەكێك لە تۆڕەكانی سۆشیاڵ میدیا بەكار دەهێنن و ئەوەی جێی سەرنجیشە، تیكتۆك پێشی فەیسبووكی داوەتەوە.
ئەمڕۆ شەموو، 24ی شوبات، سەنتەری میدیای دیجیتاڵی (DMC) لە ڕاپۆرتێكدا ڕای گەیاند، بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراقدا گەیشتووەتە 31.95 ملیۆن بەكارهێنەر، واتە بە ڕێژەی 69.4%ی تەواوی دانیشتوانی عێراق.
سەنتەرەكە ڕوونیشی دەكاتەوە، بەپێی ئەو داتایانەی پشتیان پێ بەستووە كە لە دامەزراوەی We are social و دامەزراوەی Meltwater تایبەت بەو بوارە وەریان گرتووە، ڕێژەی بەكارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا بە بەراورد بە ساڵی پار، لە بەرزبوونەوەیەكی بەرچاودایە.
ئەوەی جێی سەرنجە، بەكارهێنەرانی تۆڕی تیكتۆكی چینی، لە پلەیەكی بەرزدایە و تەواوی ئەوانەی سۆشیاڵ میدیا بەكار دەهێنن، تیكتۆكیان هەیە، واتە هەر 31.95 ملیۆنەكەی عێراق، ئەو تۆڕە بەكار دەهێنن، لە بەرانبەردا تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك كە ساڵانێكی زۆر لە پەلی یەكەمدا بوو، ئێستە لە عێراقدا 19.30 ملیۆن بەكارهێنەری هەیە.
بە شێوەیەكی بەرچاو بەكارهێنەرانی یوتیوب دابەزیوەو بووە بە 22.80 ملیۆن بەكارهێنەر، لە كاتێكدا ساڵی پار 24.30 ملیۆن بەكارهێنەری هەبوو. هەروەها تۆڕی ئینستاگرام ئەگەرچی كۆمپانیای مێتا دەیویست ڕێ لە بڵاوبوونەوەی تیكتۆكی پێ بگرێت، نەیتوانیوە ئەوە بكات، ئەگەرچی بە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی، ژمارەی بەكارهێنەرانی بەرز بووەتەوە و لە 14 ملیۆنەوە بووە بە 18.25 ملیۆن بەكارهێنەر.
بەكارهێنەرانی مەسنجەریش كە تۆڕێكی تری پەیوەندیی سەر بە كۆمپانیای مێتایە، ژمارەی بەكارهێنەرانی نزیكە لە ساڵی پێش خۆی و بووە بە 15.70 ملیۆن بەكارهێنەر، لە كاتێكدا ساڵی پاردا 15.10 ملیۆن بەكارهێنەر بوو.
سناپچات، خۆشەویستی كچان هێشتا لە دۆخێكی باشدایە و ئەویش وردە وردە بەكارهێنەرانی سەردەكەوێت و گەیشتووەتە 17.74 ملیۆن بەكارهێنەر، واتە زیاتر لە ملیۆنێك و نیو بەكارهێنەری لەچاو ساڵی پاردا زیاد كردووە.
توویتەری جاران كە لەوەتەی ئیلۆن ماسك كڕیویەتی بووە بە ئێكس، هێشتا لەناو خەڵكی عێراقدا زۆر جێی سەرنج نییە و تەنیا 2.55 ملیۆن بەكارهێنەری هەیە، ئەمەش زۆر نزیكە لە ژمارەی بەكارهێنەرانی ساڵی پێش خۆی.