كاتێك ئومه‌ییه عه‌زیز دایكێكی 42 ساڵان، تێبینی ئه‌وه‌ی كرد كه كچه گه‌نجه‌كه‌ی داوای پاره‌ی زیاتر ده‌كات بۆ خه‌رجی، وه‌ك شتێكی ئاسایی لێی روانی. ئامینه‌ی 14 ساڵان به ده‌گمه‌ن له پشووی درێژی ئه‌م هاوینه له ماڵه‌كه‌یان له به‌غدا ده‌چووه ده‌ره‌وه، بۆیه داواكارییه‌كانی بچووك و ساده دیار ده‌كه‌وتن، تا ئه‌وكاته‌ی ئومه‌ییه‌ی دایكی زانی كه جزدانه‌كه‌ی به‌تاڵ بووه و هیچی تێدا نه‌ماوه.
دایكی به شه‌فه‌ق نیوزی گوت، "وامده‌زانی پاره‌ی خۆی پاشه‌كه‌وت ده‌كرد، به‌ڵام پاره‌كه به‌رده‌وام ون ده‌بوو و هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیشی پێ نه‌بوو." دوای چاودێریكردنێكی بێده‌نگ، ئومه‌ییه بینی كه كچه‌كه‌ی كارتی پێشوه‌خته ده‌كڕێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی باڵانسی له یاریی ئۆنلاینی (لودۆ). ئه‌و باڵانسه دیجیتاڵانه به‌كار ده‌هێنرا بۆ چوونه ناو یاریی تایبه‌ت كه تێیدا پاره‌ی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ یاریزانانی تر گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كرا.
ئه‌وه‌ی وه‌ك یارییه‌كی دۆستانه خۆی ده‌نواند له نێوان هاوپۆله‌كاندا، به هێواشی گۆڕا بۆ جۆرێك له قوماربازی، به‌شێك له كولتووری ئۆنلاینی به‌ربڵاو كه شێوازی خه‌رجكردن، پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌ڕان به‌دوای هه‌ستی جۆش و خرۆشی گه‌نجانی عێراقی ده‌گۆڕێت.
ته‌ڵه‌یه‌كی دیجیتاڵ له به‌رگی یاری
لودۆ كه جاران یارییه‌كی خێزانی بوو، بووه‌ته مه‌یدانێكی جه‌نگیی ئه‌لیكترۆنی كه تێیدا گه‌نجان هه‌م بۆ شانازی و هه‌م بۆ قازانج یاریی ده‌كه‌ن. له‌ناو ژووره چاته تایبه‌ته‌كاندا، یاریزانان به به‌كارهێنانی ڕكابه‌ریی پاره‌یی یاریی ده‌كه‌ن كه زۆرجار له ده‌ره‌وه‌ی چاودێریی دایك و باوكدایه.
سه‌ركه‌وتنی جیهانی یاریی Ludo Kingدروستكردنه‌وه‌یه‌كی دیجیتاڵی یاریی كۆنی هیندی Pachisi—تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وه‌ك ژووری دڵخواز، چاتی تایبه‌ت و باڵانسی پاره‌دار له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه. بۆ زۆر له گه‌نجانی عێراقی، جۆش و خرۆشێكی زۆری تێدایه، به‌ڵام كاتێك به‌خۆ دێنه‌وه هیچ پاره‌یان پێ نه‌ماوه.
حه‌یده‌ر شه‌مه‌ری 18 ساڵان گوتی، له سه‌ره‌تادا ئه‌په‌كه‌ی داگرت بۆ یاریكردن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی. "دواتر، ژووره تایبه‌ته‌كانم دۆزییه‌وه كه دوای نیوه‌شه‌و ده‌كرانه‌وه، به‌ڵام چوونه ژووره‌وه، نێوان 20-50 هه‌زار دیناری تێ ده‌چوو." ئه‌و گوتی هه‌ندێك یاریزان وه‌ك ئه‌و باسی كرد، تا 100 دۆلار له هه‌ر یارییه‌كدا له گره‌و داده‌نێن. "كه وازم لێی هێنا زیاتر له حه‌وت ملیۆن دینارم خه‌رجم كردبوو. ئالووده‌بوون بوو."
پسپۆڕی ده‌روون- په‌روه‌رده، دكتۆر سه‌ماح ره‌مه‌زان ڕوونی كرده‌وه، "هه‌ر بردنه‌وه‌یه‌ك دۆپامین ئازاد ده‌كات، به‌مه‌ش دڵخۆشی زیاتر ده‌بێت. ئه‌مه ده‌كرێت هه‌ستیاری به‌رانبه‌ر به ده‌رئه‌نجامه‌كانی ژیانی ڕاسته‌قینه كه‌م بكاته‌وه و هانی ڕه‌فتاری هه‌ڵه‌شه بدات كه له چه‌شنی خووگرتنی قوماربازی نزیكه."
دكتۆر ره‌مه‌زان باسی كرد كه سووڕی كارلێك خێرا له یارییه ئۆنلاینه‌كاندا ده‌توانێت "سیستمی پاداشتدان دابڕێژێته‌وه"، به‌تایبه‌تی له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا كه بابه‌تی سۆزداری هێشتا له گه‌شه‌دایه. "مه‌ترسییه‌كه ته‌نیا دارایی نییه، به‌ڵكو ده‌روونیشه، منداڵان ده‌ست ده‌كه‌ن به پێوه‌ستكردنی سه‌ركه‌وتن به به‌خت نه‌ك به هه‌وڵ."
ده‌روونناس محه‌مه‌د زه‌ركانی هۆشداریی له كاریگه‌رییه زیانبه‌خشی یارییه‌كه دا و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، Ludo Star كه له زۆربه‌ی دنیا له لیستی داگرتنه‌كاندا له پێشه‌وه‌یه، "زۆر كاریگه‌ریی ده‌روونی نه‌رێنی له‌خۆ ده‌گرێت، له‌وانه زیادبوونی رقوكینه و ڕه‌فتاری نه‌ته‌ندروست." گوتی یارییه‌كه له نێوان گه‌نجان و لاوان "هه‌ستی ڕكابه‌ری نادادپه‌روه‌رانه، به‌كارهێنانی ئاخافتنی نادروست و دروستكردنی پێوه‌ندیی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ كه‌سانی نامۆ له دنیای ئه‌لیكترۆنی" بڵاو ده‌كاته‌وه.
له یارییه‌وه بۆ قوماربازی
پسپۆڕان ده‌ڵێن گواستنه‌وه له یاریی ئاسایی بۆ گره‌وی دارایی ورده ورده ده‌كرێت، به‌ڵام كاریگه‌ریی زۆر جێده‌هێڵێت. شاراوه‌یی، ڕكابه‌ری هاوته‌مه‌نان و پاره‌دانی دیجیتاڵی خێرا، هه‌ستێكی وه‌رگرتنی جڵه‌وی ژیانت لا دروست ده‌كات كه ڕاستییه‌كه‌ی خه‌یاڵییه.
بردنه‌وه، به‌پێی زه‌ركانی، ده‌بێته قولاپێكی سۆزداری. "مێشك كه به بردنه‌وه بچووكه‌كان بارگاوی ده‌كرێت، فێر ده‌بێت به‌دوای پاداشتی داهاتوودا بگه‌ڕێت، یاریزانان پاڵ ده‌نێت بۆ وه‌رگرتنی مه‌ترسیی گه‌وره‌تر، ته‌نانه‌ت كاتێك پاره‌ی ته‌واویشیان پێ نه‌بێت."
دكتۆر ڕه‌مه‌زان ڕوونی كرده‌وه كه ئه‌م سووڕه له‌گه‌ڵ قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی كێشه‌ی قوماربازی هاوشێوه‌یه. "كاتێك گه‌نجان ده‌ست ده‌كه‌ن به به‌رده‌وامیی دوای دۆڕاندن یان شاردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانیان، ئیتر باس له كات به‌سه‌ربردن ناكه‌ین، باس له بارگاوكردنی ڕه‌فتاریی ده‌كه‌ین."
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه نه‌بوونی چاودێریی كاریگه‌ریی دایك و باوك كێشه‌كه خراپتر ده‌كات، چونكه زۆر له‌وان كه‌مته‌رخه‌مانه سه‌یری ئه‌وه ده‌كه‌ن كه منداڵه‌كانیان چه‌ند شاره‌زان له دیجیتاڵدا. "گه‌نجانی ئه‌مڕۆ زۆرجار زۆر زیاتر له دایك و باوكیان ده‌زانن له‌باره‌ی پلاتفۆرمه ئۆنلاینه‌كان كه ڕێگه‌یان پێ ده‌دات چالاكییه‌كانیان بشارنه‌وه. كاتێك گه‌وره‌كان تێنه‌گه‌ن له ته‌كنه‌لۆجیا، توانای ڕێنوێنیی یان دانانی سنووری كاریگه‌ر له ده‌ست ده‌ده‌ن."
توندوتیژی ده‌ره‌وه‌ی شاشه
ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م ڕه‌فتاره پێشتر گه‌یشتووه‌ته ژیانی ڕاسته‌قینه. ده‌سه‌ڵاته ته‌ناهییه‌كانی عێراق مامه‌ڵه‌كانی فێڵبازی، هه‌ڕه‌شه و ته‌نانه‌ت كوشتنیشیان بۆ دێت كه پێوه‌ندییان هه‌یه به ناكۆكییه‌كانی سه‌ر یارییه‌كانی لودۆ.
له ڕووداوێكدا له ساڵی 2023، پیاوێك ژنه‌كه‌ی كوشت دوای ناكۆكییه‌ك سه‌ر یارییه‌كه، پاشان لاشه‌كه‌ی سووتاند. به‌رپرسان هه‌روه‌ها چه‌ندان گرتنیان تۆمار كردووه بۆ پلانی فێڵبازی و هه‌ڕه‌شه كه پێوه‌ندییان هه‌یه به ژووره تایبه‌ته‌كانی یارییه‌كه.
پسپۆڕی ته‌كنه‌لۆجیا عوسمان ئه‌حمه‌د ئه‌كره‌م، هۆشداریی دا كه كێشه‌كه له‌وه‌دایه چه‌ند ئاسان پاره چووه‌ته ناو یاریی دیجیتاڵه‌وه. "لودۆ بۆ كات به‌سه‌ربردن دروست كرابوو، به‌ڵام خه‌ڵك گۆڕییان بۆ مه‌یدانێكی گره‌وكردن."
دكتۆر ڕه‌مه‌زان تێبینی كرد كه په‌ستی سۆزداری له دۆڕاندنی ئۆنلاین زۆرجار ده‌بێته هۆی توندوتیژی. "شاراوه‌یی ئه‌لیكترۆنی هاوخه‌می كه‌م ده‌كاته‌وه، كاتێك یاریزانان كۆنترۆڵ له ده‌ست ده‌ده‌ن، تووڕه‌یی و شه‌رمه‌زاری كه له یارییه‌كه‌دا هه‌ستیان پێ ده‌كرێت، ده‌توانێت بگواسترێته‌وه بۆ ژیانی خێزانی یان پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ببێته هۆی ملمالانێی ڕاسته‌قینه."
هاوسه‌نگیی نێوان یاری و پاراستن
هه‌موو یاریزانه گه‌نجه‌كان به چاوێكی نه‌رێنییه‌وه سه‌یری لودۆ ناكه‌ن. ریام سه‌عد قوتابی زانكۆ گوتی، یارییه‌كه یارمه‌تیده‌ره بۆ پاراستنی دۆستایه‌تی، چونكه خه‌ڵك به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. "یاریكردنی زۆر ده‌توانێت كات به‌فیرۆ بدات، به‌ڵام مامناوه‌ندی جێگه‌ی چێژه."
هاوڕێكه‌ی عه‌لی حوسێنی 19 ساڵان، ڕازی بوو كه یارییه‌كه خۆی كێشه دروست ناكات. "به‌نده به چۆنیه‌تیی به‌كارهێنانی. بۆ من، ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كه بۆ پشوودان و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له شاره‌كانی تر."
پسپۆڕان كۆكن كه یاریی دیجیتاڵ خۆی به خۆی زیانبه‌خش نییه. "یارییه‌كانی وه‌ك لودۆ ده‌توانن پشتگیریی بیركردنه‌وه‌ی ستراتیجی و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن ئه‌گه‌ر سنووره‌كان ڕوون بن." دكتۆر ڕه‌مه‌زان دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌وه‌ی گه‌نجان پێویستییانه، هۆشیاری و ئاگادارییه، نه‌ك قه‌ده‌غه‌كردن.
بانگه‌وازێك بۆ هۆشیاریی به‌په‌له
هه‌ردوو پسپۆڕ داوایان له سیستمی په‌روه‌رده‌ی عێراق كرد، ڕۆڵی چالاك بگێڕێت له به‌رزكردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دیجیتاڵ. زه‌ركانی گوتی، "هۆشیاری ده‌بێت زوو ده‌ست پێ بكات، منداڵان پێویسته تێبگه‌ن چۆن پلاتفۆرمه ئۆنلاینه‌كان دروست كراون بۆ راكێشانی سه‌رنجیان. كاتێك ئه‌وه بزانن، ده‌توانن بڕیاری هۆشیارانه بده‌ن."
دكتۆر ڕه‌مه‌زان پێشنیاری كرد كه خێزانه‌كان گفتوگۆی كراوه بكه‌ن له‌باره‌ی خه‌رجیی ئۆنلاین، پاداشت و فشاری هاوته‌مه‌نان. "به‌شداریكردن نه‌ك سزادان، كلیله‌كه‌یه، گوتی. "كاتێك دایك و باوك گوێ ده‌گرن و به‌شداریی ده‌كه‌ن، ده‌توانن ڕێنوێنیی بكه‌ن نه‌ك شتێك بسه‌پێنن."