گووگڵ چاویلكەی زیرەكی تێكەڵ بە ژیریی دەستكرد كرد

:: AM:11:21:20/05/2026 ‌
كۆمپانیای تەكنەلۆجیای گووگڵ درەنگانی شەوی ڕابردوو، چاویلكە زیرەكەكەی خۆی ئاشكرا كرد كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژیریی دەستكردی ئەو كۆمپانیایە "جیمینای" كار دەكات، ئەم هەنگاوەیش كێبەركێی نێوان كۆمپانیاكە لەگەڵ كۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووك قووڵتر دەكاتەوە، كە هەردوولا كێبەركێیانە لەسەر خستنەبازاڕی ئامێری زیرەكی پێوەستكراو بە ژیریی دەستكردەوە.

لە كۆنگرەی ساڵانەی گەشەپێدەرانی گووگڵ ئەی ئۆ، كۆمپانیای ئەلفابت كە خاوەندارییەكەی بۆ كۆمپانیای گووگڵ دەگەڕێتەوە، خستنە بازاڕی دوو چاویلكەی زیرەكی پێوەستكراو بە كامێرا و بیستۆكی تایبەت و دانانی ژیریی دەستكردی جیمینای لە ناو ئەو چاویلكانە ڕاگەیاند و بڕیاریشە ئەمساڵ ئەو دوو بەرهەمە بخاتە بازاڕەوە.

بەرپرسانی كۆمپانیاكە لە كۆنگرەی ساڵانەی خۆیاندا ئاشكرایان كرد، پەرەپێدانی ئەو دوو چاویلكەیە بە هاریكاریی لەگەڵ كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور و كۆمپانیای جێنتك مۆنستەر وۆربی پاركەر بۆ دروستكردنی چاویلكە پەرەی پێدراوە و بەرهەم دەهێنریت.

ئەو چاویلكانە كامێرا و ژیریی دەستكردیان لەگەڵ پێوەست كراوە و بەكارهێنەری ئەو چاویلكانە دەتوانن پرسیار لە ژیریی دەستكردی جیمینای لەسەر هەر شتێك كە دەیبینن بكەن، ژیریی دەستكردی جیمینایش بە وردی وەڵامیان دەداتەوە.

جیمینای دەتوانێ بۆچوون و ژمارەی ئەستێرە و هەڵسەنگاندنەكانی خواردنگەیەك ڕاستەوخۆ بە بەكارهێنەر بدات كە بە بەردەمیدا تێپەڕ دەبێت، یان پێكهاتەكانی كەشوهەوا و ئاسمان بخوێنێتەوە و باری كەشوهەوا بۆ بەكارهێنەر بخاتە ڕوو، یان هێماكانی هاتوچۆ و ڕۆیشتن بخوێنێتەوە و ئاگاداری بە بەكارهێنەر بدات.

ئەو هەنگاوەی گووگڵ بۆ كێبەركێكردنە لەگەڵ كۆمپانیای مێتا كە چەند ساڵێكە دەستی بەسەر بازاڕی دروستكردنی چاویلكەی زیرەكدا گرتووە، ساڵی ڕابردوویش زیاتر لە حەوت ملیۆن چاویلكەی زیرەكی لە سەرانسەری دنیا فرۆشت، ئەمەیش وای لە گووگڵ كردووە بێتە ناو بازاڕەكە و ببێتە كێبەركێكاری مێتا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د