بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كرد، ژمارەی ئەو هێرش و هەڵمەتی هاككردنانەی ئێران لە 2006 دژی ئیسرائیل ئەنجامی داوە، بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەیش بەهۆی دەستكردن بە جەنگ دژی ئێران و بەردەوامیی شەڕ و پێكدادان لە دنیای ئەلیكترۆنی و واقیعدا.
یوسی كارادی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەلیكترۆنی
ئیسرائیل گوتی، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تەنیا لەم مانگە حوزەیران/یۆنیۆدا، هەزار و 600 هێرش و هەڵمەتی هاككردنی گرووپەكانی ئێرانیان بەرپەرچ داوەتەوە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستە چوار هەزار و 800 هێرشیان ئەنجام داوە.
زیاتر گوتی، بەشێك لە گرووپەكانی ئێران توانای زۆر ئاستبەرز و باشیان هەیە و دەبێ بەوپەڕی ڕژدییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەین و پەراوێزیان نەخەین، چونە جەنگی دنیای ئەلیكترۆنی ئاگربەست و وەستانی نییە و بگرە بۆ هەمیشە بەردەوامی دەبێت.
ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر ئیسرائیل، ژێرخان و ڕیكخراو و كۆمپانیا و كەسایەتییەكانیان كردووەتەوە ئامانج، نووسینگەی پارێزەر و كۆمپانیاكانی دارایی بچووكترین دامەزراوەن كە ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە بوونەتەوە.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، تا ئێستە توانیومانە بەرپەرچی سەرجەم ئەو هێرشانە بدەینەوە كە كراوەتە سەر ژێرخانی وڵاتەكەمان، بتوانین بەردەوام بین لە ڕێگرتن بە زیانگەیاندن بە ئیسرائیل لە دنیای ئەلیكترۆنییەوە.
بەشێوەیەكی گشتی تا ئێستە ئێران، بە فەرمی بە هیچ شێوەیەك پشتڕاستی ئەوەی نەكردووەتەوە كە هێرشی ئەلیكترۆنی كردبێتە سەر هیچ وڵات و دامەزراوە و كەسایەتییەك، بەڵام كاتێك هێرشی ئەلیكترۆنیی دەكرێتە سەر، پەیام بڵاو دەكاتەوە و سەركۆنەی ئەم كارە دەكات.