هاككەرە مەترسیدارەكەی كوردستان گیرا

:: PM:01:01:20/09/2023 ‌
پۆلیسی سۆران گرتنی هاككەرێكی راگەیاند كە سەتان فەسیبووكی هاك كردووە، ئەوەیش دوای سكاڵای هاووڵاتییان لەبارەی ئەو كەسە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئەیلوول، پۆلیسی سۆران لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، دوای تۆماركردنی سكاڵایەك لەلایەن هاووڵاتییەك لەسەر ئەوەی ئەكاونتی (فیسبووك)ی كەسی خۆی هاك كراوە، بەهۆیەوە چەندان هەڕەشەی مەترسیداری لێ كراوە، دەستبەجێ تیمەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران، توانیان سەرەداوی هاككەرەكە دەستنیشان بكەن و پاشان هەوڵەكان چڕ كرانەوە لەلایەن تیمە تەكنیكییەكانی نەهێشتنی تاوانی سۆران، توانرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكرێت و بیگرن كە ناوی (س، م، م) لە دایكبووی 2006ی دانیشتووی سۆرانە.

 ئاماژە بەوەش كراوە، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار، ددانی بە تاوانەكەی نا كە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاك كردووە و ئامانجی لەم تاوانە بەدەستخستنی پارە بووە، بە بڕیاری دادوەر راگیراو بەپێی ماددە ( 2 ) لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندیكردن، لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، ئەو كەسە توانیویەتی نزیكەی 500 ئەكاونتی هاووڵاتییان هاك بكات.



وشە - رامیار جەواد