ئێران.. دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر وێنەگرێكی ژن

:: PM:08:19:20/09/2023 ‌

رەنگە بەكارهێنانی شێوازە جیاوازەكانی توندوتیژی و ئازاردان لە لایەن دەزگە تەناهییەكانەوە شتێكی نامۆ نەبێت، بەتایبەتی لە وڵاتە نادیموكراتییەكان، بەدرێژایی راپەڕینی جەماوەری ئێران كە لە دوای كوژرانی ژینا ئەمینی، گەرمتر و فرەوانتر بوو، راپۆرتەكان باسی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر چالاك و خوێشاندەرە گیراوەكان لە هەردوو رەگەز دەكەن، وەك ئامرازێك بۆ ساردكردنەوەیان و ترساندنی ئەوانیتر، وێنەگرێكی ژنی ئێرانی دووپاتی دەكاتەوە كە دووچاری دەستدرێژی سێكسی هاتووەتەوە.

یەلدا موعیری، ژنە وێنەگری ئێرانی لە پۆستێكی لە ئینیستگرام باسی ئەوەی كردووە كە لەكاتی گرتنی بەهۆی وێنەگرتنی ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە ساڵی رابردوو، دووچاری دەستدرێژی سێكسی هاتووەتەوە، ژمارەیەك لە میدیاكان ئەو پۆستەی موعیریان بڵاو كردووەتەوە كە لەسەر دەستی هێزە تەناهییەكانی ئێران دووچاری لێدان و دەستدرێژی سێكسی هاتووەتەوە.

موعیری كە سێ مانگ لە زیندان بووە، وێنەیەكی خۆی لەگەڵ پۆستەكە داناوە و نووسویەتی، هێزە تەناهییەكان سەرپۆشێكیان لە ملی ئاڵاند و بەرەو دواوە رایانكێشاوە، دوای ئەوە لەناو پاس دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر.

شایەنی باسە ئەو وێنەگر و رۆژنامەوانە ئێرانییە چەندان خەڵاتی ناوخۆیی و دەرەكی بەهۆی چالاكییەكانی لە كاری رۆژنامەوانی پێ بەخشراوە، لە 7ی ئەم مانگەش نازیلا مەعرووفیان، كچە رۆژنامەوانی 23 ساڵ، ئەویش ددانی بەوەدا نا كە لەكاتی گرتنی دووچاری دەستدرێژی سێكسی بووەتەوە، كە دەسەڵاتدارانی ئێران چەند جارێك مەعرووفیانیان بەهۆی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوكی ژینا ئەمینی كوژراو لە 2022 گرتووە.  







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل