بڕیارێك دژی جادووگەرەكانی كوردستان دەرچوو

:: AM:10:24:03/12/2023 ‌
بەپێی نووسراوێك كە ئاراستەی ئەوقافی سەرجەم شارەكانی كوردستان كراوە و تێدا هاتووە، پێویستە بەپێی ڕێنوێنی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی جادووگەرەكان كار بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی كانوونی یەكەم، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ئەوقاف كە ئاراستەی وەزارەتی داد كراوە، تێیدا ڕێنوێنیی وەزارەتی ئەوقاف لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو بكاتەوە بۆ ئەوەی رێگریی لە كاری جادووگەری بكرێت.

ئەو وەزارەتە لە ڕێنوێنییەكانیدا، سەرجەم رێكخراو و گیادەرمان و شێخ و كەسایەتییەكان ئاگادار دەكاتەوە لەو كارە دوور بكەونەوە و راستەوخۆ رێنوێنیی وەزارەتی ئەوقاف جێبەجێ‌ بكەن، هەر كەسێكیش سەربە ئەوقاف بێت و جێبەجێی نەكات، سزا دەدرێ‌.

مەلا ئیبراهیم سەعیدی وتارخوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، بە هەموو شێوە و شێوازێكی شەرعی و یاسایی، هەماهەنگ و پاڵپشتین لەگەڵ بڕیارەكان و ڕێنوێنیی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بۆ بنبڕكردنی هەر دیاردەیەكی ناپەسند و نەگونجاو.

زیاتر گوتی، رێگریی لەو جۆرە كارانە و ئەم جۆرە بڕیارە بوێرانەیە، مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە و ئێمە پاڵپشتین، ئەو بڕیارە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، شانیان داوەتەبەر ڕاستكردنەوەی گشت كولتوورە ناپەسندەكان كە بەناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە ئەنجام دەدرێن.



















وشە - رامیار جەواد