عومرەكارێكی كورد لە وڵاتی سعوودیە كۆچی دوایی كرد، ئەمساڵ 11 عومرەكاری كورد گیانی لە دەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی كانوونی یەكەم، كاروانی ستوونی بەرپرسی راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ژنێكی عومرەكاری هەرێمی كوردستان بەناوی ( تەڵا سلێمان محەمەد) لە سعوودیە كۆچی دوایی كرد.
زیاتر گوتی، ئەو عومڕەكارە / 66 ساڵ/ـە و خەڵكی شاری سلێمانییە و بە مەبەستی ئەنجامدانی سوونەتی عومرە سەردانی عەرەبستانی سعوودیە كردووە، بەڵام دوای تێكچوونی باری تەندروستی و مانەوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە ئەمرۆ كۆچی دوایی كرد.
باسی لەوەش كرد، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی كەسوكارییان بڕیارە لە حەرەمی پیرۆزی مەكەی نوێژی لەسەر بكرێت و پاشان لە گورستانی مەكە بە خاك بسپێردرێت.
هەر ئەمڕۆ عومڕەكاربە ناوی قادر جەمیل مراد، /76 ساڵ/ـە خەڵكی گوندی مەنداوە لە شارەدێی دارەشەكران و پێشتر نەخۆشی شەكرە هەبووە و دوای گەیشتنی بە شاری مەدینە تووشی جەڵتەی مێشك دەبێت و دوای مانەوەی لە نەخۆشخانەی ئەمرۆ لە شاری مەدینە كۆچی دوای كرد و بڕیاریشە دوای تەواوكردنی رێككارەكان هەر لە شاری مەدینە بە خاك بسپێردرێت.
شایانی باسە لە سەرەتای دەستپێكی وەرزی عومڕەوە تا ئێستە 11 عومڕەكاری كوردە لە سعوودیە كۆچی دواییان كردووە كە چوار پیاو و حەوتیان ژن بوونە.