سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەكانی كەركووك بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ گەنجێك لە ئەنجامی لێدانی دەرزی "تێكەڵە" لەلایەن یاریدەدەرێكی پزیشكییەوە كۆتایی بە ژیانی هات.
ئەمڕۆ هەینی، هەشتی كانوونی یەكەمی 2023، سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەكانی كەركووك گیان لە دەستدانی گەنجێكیان بڵاو كردەوە لە ئەنجامی لێدانی دەرزی "تێكەڵە" لە دەورووبەری شاری كەركووك، ئاماژە بەوەیش دراوە گیان لە دەستدانەكە بەهۆی كاریگەرییە لاوەكییەكانی دەرزییە تێكەڵەكە بووە.
روون كراوەتەوە كە قوربانییەكە لەلایەن یەكێك لە پەرستارەكان لە دەرەوەی دەوامی فەرمی و بنكە تەندروستییە حكوومییەكان، دەرزیی لە گەنجەكە داوە و لایەنە حكوومییەكان پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رووداوەكە كردووەتەوە.
دەرزیی تێكەڵە كە لە دوو مادەی پزیشكی پێك دێت و لەلایەن زۆرێك لە نۆرینگە پزیشكییە لۆكاڵییەكان لە گەڕەكەكان بۆ ئەو نەخۆشانە بەكاردەهێنرێت كە تووشی ئەنفلەوەنزا و سەرمابردووی دەبن.
پزیشكانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن لە بەكارهێنانی دەرزی تێكەڵە لەلایەن پەرستیاران و یاریدەدەرانی پزیشكی لە گەڕەكەكان بێ دەستنیشان كردنی پێشوەختەی نەخۆش لەلایەن پزیشكی تایبەتمەندەوە.