بەردەوام توێژەرانی بواری كۆمەڵایەتی و پەروەردەی منداڵ، بۆ ڕێگەی نوێ و باشتر دەگەڕێن تا كاریگەریی زۆرتری لەسەر پەروەردەی منداڵ هەبێت، لە دوایین توێژینەوەشدا كە لە ڕۆژنامەی "Times of India" بڵاو بووتەوە، هەشت خاڵی خستووەتە ڕوو كە پێویستە دایكان و باوكان بۆ پەروەردەی منداڵەكانیان ڕەچاوی بكەن:
1- ڕێگەكە كورت مەكەوە.
دایک و باوکانی ژیر، حەز دەکەن جەخت لەسەر گرنگیی کاری قورس و کۆڵنەدان بکەنەوە؛ منداڵەکانیان فێر دەکەن هیچ ڕێگەیەکی کورت بۆ سەرکەوتن نییە و هەوڵدان و پراکتیزەکردن و خۆبەخشی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان زۆر گرنگن. جا تەواوکردنی ئەرکەکان بێت بە وردی یان وەرزشکردن، ئەم یاسایە بناغە بۆ ئیتیکێکی بەهێزی کارکردن دادەنێت.
2- ڕووبەڕووی ترسەكانت ببەوە.
منداڵەكەت فێری قەبووڵکردنی سەرەنجامەکان بکە، چونكە ئەوە ئەنجامی كارێكە كە پێشتر خۆی كردوویەتی، ئەمەش لێپرسینەوە و هەستی بەرپرسیارییەتی دروست دەکات و یارمەتیی منداڵان دەدات ڕووبەڕووی مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوە ببنەوە.
3- بەرپرسیارییەتی هەڵبگرە.
بڕیاردان بەرپرسیارییەتی لەگەڵدایە، كاتێك منداڵێك لە سەرەتاكانی تەمەنییەوە فێری ئەم یاسایە دەبێت، ئیتر ڕێز لە بڕیاری خۆی دەگرێت و دەشزانێت كەی بڕیار دەدات.
4- بە خاوێنی و بەهێزییەوە یاری بكە
یاریكردنیش بەشێكە لە فێربوونی مامەڵە لەگەڵ ژیاندا، هەمیشە بەهێز بە و سەرنجی تەواو بدە كاتێك یاری دەكەیت، بەڵام هەوڵ مەدە لەپێناو بردەنەوەدا ساختە و فێڵ بكەیت. هەموو توانایەكت بەكار بهێنە، ئەوە گرنگە نەوەك كێ دەیباتەوە.
5- چاككردنەوە
منداڵەكەت فێری چاككردنەوەی ئەو شتانە بكە كە خۆی دەیشكێنێت، دواتر چاككردنەوەی شتی ماڵ، فێری گرتنی كەرەستەكانی دارتاشی و كارەبای بكە، لەمەوە فێر دەبێت پشت بە خۆی ببەستێت و دەست و پێ سپی نەبێت. هەروەها فێری هەستی داهێنان و بەهرەی ئیشی جیاواز دەبێت.
6- پارێزگاری لە خانەوادە بكە
هەستی پارێزگاریكردن لە خێزان، دەبێت هەر لە منداڵییەوە فێر بكرێن و بزانن كە خێزانەكەیان پێكەوە بەهێزن و دەبێت بەردەوام یەكتریان خۆش بوێت و داكۆكی لە یەكتر بكەن و ئینتیمایان بۆ ئەو خێزانە هەبێت كە لەسەر یەك سفرە كۆ دەبنەوە.
7- بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ شكستدا بكە.
چۆنییەتی زانینی سوودوەرگرتن لە شكست تا ببێتە ئەزموون بۆ داهاتوو نەوەك لێی بترسیت، یەكێكە لە ئەركەكانی دایك و باوك كە دەبێت فێری منداڵەكانیانی بكەن.
8- خاڵی هەشتەم كە زۆر پێویستە هەموو منداڵێك بیزانێت ئەوەیە، پێویستە ڕێز لە هەموو كەس بگرن، چونكە هەموو مرۆڤێك شایەنی ڕێزە و دەبێت بزانن ڕێزگرتنیش ئەتەكێتی خۆی هەیە، چۆن ڕێز لە كەسی گەورەتر دەگرن، چۆن ڕێز لە كەسی بچووكتر دەگرن، چۆن ڕێز لە مامۆستاكانیان دەگرن... بەم شێوەیە.