ڕووداوەكە ساڵی 2001 بووە، كاتێك برایەك بە چەقۆیەك برایەكەی خۆی دەكوژێت، بە هاوكاریی دایكیان و دواتر لاشەكەی لە ژووری چێشتخانەی ماڵەكەدا دەچارێتەوە، ئەمەش چەندان ساڵ بۆیان چووە سەر، تا خۆی بە دەم خەوە ئاشكرای كرد.
هەر ئەو كاتە دایكی گوتبووی، كوڕەكەم لە ڕێگەی كۆچ بەرەو هەندەران، لە دەریادا خنكاوە و لاشەكەی نەدۆزراوەتەوە.
ئەم ڕووداوە زیاتر لە 20 ساڵی بەسەردا ڕۆیشت، تا ڕۆژێكی بەدەم خەوەوە وڕێنە دەكات و باسی چۆنییەتی كوشتنی براكەی دەكات، ژنەكەشی لەولاوە گوێی لێیە، بەڵام هەرگیز بۆی ناپۆشێت، ڕێك دەچێت بۆ لای پۆلیس و شكاتی لێ دەكات.
وەك بەدەم خەوەوە باسی كردبوو كە خۆی و دایكی لاشەی براكەیان لە كوێ شاردووەتەوە، پۆلیس هاتن و ئەو شوێنەیان هەڵكەند، دەبینن لەوێ شاردراوەتەوە.
ڕووداوەكە لە شارۆكەی سەبیحە سەر بە پارێزگای قەیرەوان لە وڵاتی تونس ڕووی داوە و لە دوێنێوە هەموو میدیاكانی ئەو وڵاتە باسی دەكەن و ئێستەش دۆسییەكە لە دادگەدا جارێكی تر كراوەتەوە.