د. هەرێم كەمال وردەكاریی ڕووداوی كوشتنی هەردوو خوشكەكەی و باوك و دایكی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، "ئێمە كۆمەڵكوژ كراین".
شەوی پێنجشەم 13ی ئادار، لە ڕووداوێكدا كەسێك بەناوی سیروان مەحموود كە پزیشك بووە، هەڵدەكوتێتە سەر ماڵە خەزوورانی و لە ڕووداوەكەدا هاوسەرەكەی و دایك و باوكی و خوشكی هاوسەرەكەی دەكوژێت، دواتر لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەگیرێت.
د. هەرێم كەمال كە دەكاتە برای هاوسەری پزیشكەكە و لە ڕووداوەكەدا دایك و باوك و دوو خوشكی لە دەست داوە، وردەكاریی ڕووداوەكەی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاو كردووەتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
هاوڕێیان، خۆشەویستان، مرۆڤ دۆستان، ئێمە كۆمەڵكوژ كراین
دڕندەكە هاتە ژوورەوە، گوتی، سانا وەرە پێشم بكەوە. گوی نایەم. سانا كە خێزانی بوو و خوشكی گەورەمانە، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایكبوونە. تا بڵێی دڵسۆز و خەمخۆری هەموومان بوو، زۆر بەخشندە و خێركەر بوو، زۆر یارمەتیی خەڵكی دەدا، زۆر هەوڵی پەروەردەكردنی منداڵەكانی خۆی دەدا، هەرچەند باسی بكەم، تا لە نزیكەوە نەیناسی، نازانی چ كەسێك بوو. سانا كە گوتی نایەم، دڕندەكە دەمانچەكەی دەرهێنا. سەناریای خوشكم سەناریا كە پزیشكی پایەبڵندی سۆنەرە و قوتابیی بۆردە، پەپوولەی ماڵەكەمان بوو، زۆر زۆر موزەحی بوو، ڕاگری ماڵەكەمان بوو، خەمخۆر و فریادڕەسی هەموومان بوو، دەست و پێی دایك و بابم بوو، لە هەركەسیك كە هاوڕێی بوو بپرسن، بڵێن كەسێكی چۆن بوو، ئەوكاتە دەزانن كێ بوو.
سەناریا، هەر وەك پیشەی خۆی كە موزەحی ماڵەكەمان بوو، هەوڵ دەدات دەستی ئەو نامرۆڤە بگرێت، كە هەردوو دەستی دەگرێت، پاش پاڵپێوەنانی یەكتر، یەكەم گولەی لە ملی داوە، سەناریا كەوتە خوارەوە، ئینجا دەستی كرد بە تەقەكردن لە سانا و هەرزوو پاش گولە لێدان لە سنگی، گیانی دەردەچێت. دواتر دووبارە چەند گولەیەك لە سەناریا دەدات، ئەوجا دووبارە دێتەوە سەر سانا و گولەی تری پێوە دەنێت. پاشان دایكم كە وەك دەڵێن، سانای لە باوەش كردووە، گولەكانی لە پشتەوە لێ داوە، داكم "سەباحەت، خۆشەویستی خەڵكان، قسەخۆشی ناو مەجلیسان، خێركەری ناو خێزانمان، ڕۆح و گیانی من بوو".
پاشان نۆرەی بابم هات، بابم كەسێكی تابڵێی تێگەیشتوو، خوێندەوار، 40 ساڵ لە تەمەنی مامۆستا بووە، پێگەیەكی دیاری هەیە لەناو كۆییان، تا بڵێی قسە و مەجلیسی خۆش بوو، بابم بە گۆپاڵەوە هەستاوەتەوە، ئەویش چەند گولەیەكی لێ دراوە. سەهەندی خوشكم كە لە هەمان هۆڵ بوونە، پێی گوتووە نەیەیتە پێش دەنا دەتكوژم، هەر هاواری كردووە، دە توخواااااا بەسسسە، توخوااااا بەسسسە، هەمووت كوشتن، ئەو هاوارە، گەیشتە هەر حەوت تەبەقی ئاسمان، بەڵام نەگەیشتە سەر دڵ و دەروونی ئەو نامرۆڤە. ئەنجا چووەوە پاش، دووبارە گەڕایەوە و پاش مەخزەن گۆڕین، هەریەكە و هەندێك گولەی تری پێوە نان. لاڤینی كچی سەهەند و كارینی كچی سیابۆ، گولەی بەوانیشەوە نابوو، لاڤین بە قاچی كەوتووە، كارینیش بە ئاراستەی پشتی بوو، بەڵام بەری نەكەوتووە. سۆمای خوشكی گچكەم كە دەمانچەی لەسەر ئەویش دانابوو، خۆیشی نازانێ چۆن لێی نەدابوو، ئینجا لە دوای چوونە دەرێ، چوار تەرمی بەجێی هێشت. دوا قسەی سەناریا، بە سۆمای خوشكمی گۆتبوو ئاگات لە منداڵاكانت بێ. دوا قسەی بابیشم، بە پێكەنینەوە گوتبووی هەموومانی كوشت. سانا و داكیشم بی هیچ وشەیەك گیانیان دەرچووبوو.
لە بنەماڵەكەمان كە 10 كەس بووین، دابەش دوو كراین. ئێستە تەنیا پێنج كەس ماوین.
خوایە هاوارە، دڵمان بریندارە، جەرگمان بە ئازارە.
ئەوەی ڕووی دا، بێ وێنەیە لە دڕندەیی. هەولێر، كوردستان، هەموو جیهان شڵەژاوە.