سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕای گەیاند، بەهۆی گرانبوونی ئاڵتوون، پرۆسەی هاوسەرگیری كەمی كردووە، شەریعەت لە كاتی گرێبەستی هاوسەرگیری مارەیی بۆ ژن دیاری كردووە، گرنگ ئەوەیە شتێكی سوودبەخش بێت بۆ ژنەكە و چەندە كەمیش بێت پیرۆزترە.
ئەمڕۆ هەینی، 21ی ئادار، پرۆفیسۆر شێخ حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بە واجبی داناوە مارەیی بۆ ژن دیاری بكرێت لە كاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، بەڵام رێژەكەی دیاری نەكردووە و هێشتوویەتییەوە بۆ رۆژگار و بارودۆخەكان، گرنگ ئەوەیە شتێكی سوودبەخش بێت بۆ ژنەكە و بە پێی رێكەوتنی هەردوولا دیاری بكرێت، چەندە كەمیش بێت پیرۆزترە.
روونی كردەوە، لە ئێستاشدا بەرزی نرخی زێڕ و پێداویستییەكانی تری هاوسەرگیری بووەتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری، بۆیە دەڵێین لە پێناو ئەوەی كچان و كوڕان بتوانن زیاتر بچنە نێو ئەو پرۆسە شەرعییە پیرۆزەوە و هاوسەرگیرییەكەیان سەقامگیرتر بێت، پێویستە هەردوولا یارمەتیدەری یەكتر بن و چاوپۆشی بكەن لە لایەنە ڕووكەشییە مادییەكە، لایەنی جەوهەری و ڕۆحی و ئەوین ڕێز و خۆشەویستی هەڵبژێرن.
ئەو باسی لەوەش كرد، لەو پێناوەشدا هەر دوولایان دەستبەرداری مۆدە و چاولێكردن و رۆتین و خەرجیی بێبایەخ بن، چونكە پێغەمبەرمان موحەممەد (د.خ) فەرمویەتی: "بەرەكەتدارترین هاوسەرگیری و زەواجكردن، ئاسانترینیانە لە مارەیی و خەرجیدا" هەروەها فەرمویەتی "هەركات كەسێكی دینداری و بەرەوشت هاتە داخوازی كچەكانتان، ئەوا پەڵپی شتی تری لێ مەگرن و بیاندەنێ، ئەگەر واتان نەكرد ئەوا دۆخێكی مەترسیداری پڕ لە گوناهـ دروست دەبێت."
"كەواتە ئیسلام پێی باشە پرۆسەی هاوسەرگیری بە شێوازی شەرعی پێك بێت، ئەگەرچی بە مارەییەكی زۆر كەمیش بێت، دەشكرێت لەسەرەتادا مارەیی كەم بێت و گرێبەستەكەی لەسەر پێك بێت، بەڵام با مێردەكەی ئەوەی لەبەر چاو بێت و هەر كات دەسەڵاتی بوو دڵی رازی بكات، چونكە پێغەمبەرمان (د.خ) فەرمویەتی"چاكترینتان ئەوانەن كە زۆر چاك و میهرەبان و یارمەتیدەرن بۆ خێزانەكانتان." سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم وای گوت.
وشە/ هۆشیار عەلی