خێزانی جۆرج فۆرمان ئەفسانەی بۆكسینگی ئەمەریكی و جیهانی، ئەمڕۆ كۆچی دوایی فۆرمانیان لە بەیاننامەیەكدا بڵاو كردووەتەوە و نووسیویانە، دوێنێ لەناو خێزان و كەسوكارەكەی دنیای بەجێهێشت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 22ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، خێزانەكەی فۆرمان لە بەیاننامەكەدا كە لە رێگەی ئیسنتاگرام بڵاویان كردووەتەوە، نووسیویانە بە خەمێكی زۆرەوە، كۆچی دوایی ئازیزمان جۆرج فۆرمان ئەفسانەی بۆكسینگی جیهانی لە تەمەنی 76 ساڵیدا رادەگەیەنین.
لە بەیاننامەدا ئەوەش هاتووە، فۆرمان كەسایەتییەكی مرۆڤدۆست بووە و لەناو كۆمەڵگەدا هەمیشە رێزلێگیراو بووە، كەسێك بووە هەمیشە هێزی خێر بووە و بڕوادار بووە، رەنجی زۆری دا بۆ پارێزگاری لە ناوی خۆی و خێزانەكەی. لە وەرزش و بواری بۆكسینگدا دوو جار خەڵاتی پاڵەوانی جیهانیی بردووەتەوە، بۆیە ناوێكی زۆر گەورەیە لە تەواوی دنیادا.
دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە لە ساڵی 1968یشدا مەدالیای زێڕینی ئۆڵۆمپی لە شاری مەكسیكۆ وەرگرتووە.