رەنگە مرۆڤ كە گەیشتە تەمەنی باڵغبوون و پێگەیشتن لە رووەكانی جەستەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و داراییەوە، خواستی هاوسەرگیری لا دروست ببێت، قەوارە و ژیانێكی نوێی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوبەشێك لە رەگەزی بەرانبەر دروست بكات، لە تەنیا كوڕێكەوە ببێتە باوك و سەرۆك خێزان، زانایان ئاماژە بۆ مەترسییەكی ئەو حاڵەتە دەكەن بەوەی هاوسەرگیری دەبێتە هۆی قەڵەووبوون و ئەوەش دەردێكی كوشندەیە.
بەپێی رۆژنامەی
"دەیلی میڵ"ی بەریتانی زانایان ئاماژە دەكەن كە هاوسەرگیری مەترسیی قەڵەوبوون سێ ئەوەندە زیاتر دەكات، هەردوو رەگەز، واتە نێر و مێ لە دوای هاوسەرگیری بەرەو قەڵەوبوون دەچن، بەڵام پیاوان زیاتر، زانایان داتای 2500 كەسیان شی كردەوە و دەركەوت ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دەكەن 3.2 جار زیاتر ئەگەری قەڵەوبوونیان هەیە بە بەراورد بەوانەی سەڵتن.
د. ئەلیشا چیچا میكۆلایچیك سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، هەریەك لە تەمەن و باری كۆمەڵایەتی كاریگەرییان لەسەر ژیان هەیە، لە رووی قەڵەوی لە تەمەنی باڵغبوونەوە، بێ رەچاوكردنی رەگەزی ئەو كەسە، لە كۆی 2405 كەس بەشدارییان لە شیكردنەوەكە كرد، 35%یان كێشێكی تەندروستیان هەبوو 38%یان كێشی لەشیان زیاد بووە و 26%یان قەڵەو بوون.
قەڵەوی بریتییە لە بەرزبوونەوەی پێوەری بارستەی لەش، كە پشت بەو چەورییەی دەبەستێت كە لە لەشدا هەیە بە حسێبكردنی ریچژەی درێژی بۆ كێشی ئەو كەسە، ئەوانەی پێوەری بارستەی لەشیان لە 25 زیاتر بێت بە كێشی زیاد حسێبن نەك قەڵەوی، ئەو مەترسییەی باسیشی دەكرێت بەهۆی خراپیی باری تەندروستی لەشە، وەك نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و سەكتەی مێشك و نەخۆشییەكانی دڵ و جۆری دووەمی شەكرە.