سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەغدای پایتەختی عێراق رای گەیاند، لە 48 سەعاتی رابردوودا لەو وڵاتە و لە پایتەختەكەی، چوار رووداوی خۆكوشتن روویان داوە كە دوایەمینیان شەوی رابردوو بوو لە رۆژئاوای بەغدا، بەوەیش دیاردەكە لەو شارە گەشەی كردووە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، لە 48 سەعاتی رابردوودا چوار كەس لە عێراق و دروست لە بەغدا خۆیان كوشتووە، دوایەمینیان ئافرەتێكی خێزانداری لەدایكبووی ساڵی 2006 لە رۆژئاوای شارەكە لە گەڕەكی نەسری قەزای ئەبو غرێب، لەناو ماڵەكەی خۆی بە شاڵەكەی خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە.
سەرچاوەكە باس لەوە دەكات كە تا ئێستە هۆكاری خۆكوشتنەكەی ئەو ئافرەتە ئاشكرا نەكراوە، تەرمەكەیان بۆ پزیشكی داد گواستووەتەوە و لێكۆڵینەوەی ورد لە رووداوەكە دەكرێت.
لە رووداوێكی هەمانشێوە سەرچاوەكە گوتی، شەوی رۆژی شەموو گەنجێك كە ئەویش لە دایكبووی ساڵی 2006ـە، لە ناو ماڵەكەی گەڕەكی سەبع قسوور لە رۆژئاوای بەغدا، بە گوریس خۆی خنكاندووە. تا ئێستە هۆكاری ئەو خۆكوشتنەكەیش دیار نییە و لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت.
سەرچاوەكە زیاتر دەڵێت، شەوی شەموو گەنجێك كە لەدایكبووی 2001ـە، لە گەڕەكی شورتەی چوار لە بەغدا، بەهەمانشێوە لە رێگەی گوریسەوە خۆی خنكاندووە و گیانی لە دەست داوە.
دوا رووداوی خۆكوشتنیش كە سەرچاوەكە رای گەیاندووە، رۆژی هەینی ئافرەتێكی لەدایكبووی ساڵی 2006 لە شاری سەدری بەغدا، ئەویش بەهەمانشێوە لە رێگەی شاڵەكەیەوە لەناو ماڵەكەی، خۆی خنكاندووە و گیانی لە دەست داوە. هۆكاری ئەو رووداوەیش تا ئێستە ئاشكرا نەكراوە و لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت.
دۆخی خراپی دەروونی و تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن، بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و لە ئاستی دەگمەندایە.