دوای ئاشكرابوونی ئابڕووچوونێكی سێكسیی مامۆستایەكی كۆلێجی پەروەردەی وەرزشیی زانكۆی تكریت، ئەو هەستاوە بە شێلانی كارمەندێكی ئاسایشی زانكۆكە بە ئۆتۆمبێلەكەی و دواتر گیانلەدەستدانی بەو هۆیەوە، بۆیە جیا لە گرتنی، زانكۆكە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە كارەكەیان دوورخستەوە.
بەپێی
سەرچاوەیەك لە پارێزگای سەڵاحەدین، مامۆستایەكی كۆلێجی وەرزشیی زانكۆی تكریت بە ناوی (ع ف ع)، پێوەندی لەگەڵ كچەقوتابییەكی زانكۆكە هەبووە، هەواڵ دراوەتە ئاسایشی زانكۆ بەوەی ئەو مامۆستایە كاری سێكسی لە ناو زانكۆ لەگەڵ كچە قوتابییەكە ئەنجام دەدات، بۆیە بۆسەیەكی لە لایەن ئاساشی زانكۆ بۆ دانراوەتەوە بۆ گرتنی بە بەڵگەوە، لەوكاتەی لە ناو ئۆتۆمبێل خەریكی كارەكە بوونە، مامۆستاكە هەستی پێ كردووە كە چاودێری دەكرێت، بۆیە ویستوویەتی هەڵبێت و بە ئۆتۆمۆبێل كارمەندێكی ئاسایشی زانكۆكەی بە ناوی (مستەفا عامر لەتیف) شێلاوە، كە تووشی خوێنبەربوونی ناوخۆیی بووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، مامۆستاكە گیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
دوای ئەو ئابڕووچە سێكسییە و كوشتنی كارمەندە تەناهییەكەی زانكۆی تكریت، زانكۆكە روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا رای گەیاند كە ئەو مامۆستایە گیراوە و رادەستی دادگا كراوە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێك هێنراوە و كارەكانی تەواو كردووە، مامۆستاكە لە كار دەركراوە و هەموو مافێكی فەرمانبەرە كۆچكردووەكەش فەراهەم دەكرێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری دەركردنی عومەر فەلاح عەبد عەباس مامۆستای كۆلێجی پەروەردەی وەرزشی لە زانكۆی تكریتی دا، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی كارێكی مەترسیدار و رێزنەگرتنی لە كەرامەتی پیشە گشتییەكەی بەها ئەخلاقییەكان.