خەریكە زانكۆكانی عێراق دەبنە گۆڕەپانی قێزەونترین تاوان، لەم چەند رۆژە دوو رووداوی دەستدرێژی سێكسی و كوشتن لە زانكۆكانی تكریت و ئەنبار، پەردەیان لەسەر كێشەی گەورە لە زانكۆكانی عێراق هەڵدایەوە، سەرچاوەیەك دەڵێت، قوتابییەكی كۆلێجێكی تایبەتی ئەنبار كچێك لە بەغداوە دەباتە زانكۆكە و دوای ئەنجامدانی كاری بەدڕەوشتی دەیكوژێت.
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە دەكات، رووداوێكی قێزەون لە كۆلێجێكی تایبەت لە پارێزگای ئەنبار رووی دا، كاتێك قوتابییەكی بەشی زانستی كۆمپیۆتەر لە زانكۆكە، كچێكی لە بەغداوە بردووەتە زانكۆكە و دوای ئەنجامدانی كاری بەدڕەوشتی لەگەڵی، كچەكەی كوشتووە.
بەپێی سەرچاوەكە هۆكاری رووداوەكە روون نییە، بەڵام هێزە تەناهییەكان كوڕەكەیان گرتووە، رووداوەكە پێنجشەمی رابردوو رووی داوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی لێكۆڵینەوە باسی نەكراوە، تا ئێستەش بە شێوەیەكی فەرمی رانەگەیندراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.
پێنجشەمی رابردووش سەرچاوەیەك لە پارێزگای سەڵاحەدین رای گەیاند، مامۆستایەكی كۆلێجی وەرزشیی زانكۆی تكریت بە ناوی (ع ف ع)، پێوەندی لەگەڵ كچەقوتابییەكی زانكۆكە هەبووە، هەواڵ دراوەتە ئاسایشی زانكۆ بەوەی ئەو مامۆستایە كاری سێكسی لە ناو زانكۆ لەگەڵ كچە قوتابییەكان ئەنجام دەدات، بۆیە بۆسەیەكی لە لایەن ئاسایشی زانكۆكە بۆ دانراوەتەوە بۆ گرتنی بە بەڵگەوە، لەوكاتەی لە ناو ئۆتۆمبێل خەریكی كارەكە بووە، مامۆستاكە هەستی پێ كردووە كە چاودێری دەكرێت، ویستوویەتی هەڵبێت و بە ئۆتۆمۆبێل كارمەندێكی ئاسایشی زانكۆكەی بە ناوی (مستەفا عامر لەتیف) شێلاوە و تووشی خوێنبەربوونی ناوخۆیی كردووە، كە دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، مامۆستاكە گیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.