گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رای گەیاند، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شارەكەدا؛ ژنێك چووە نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوریی ورگی بكات، دواتر گیانی لەدەست داوە.
ژنەكە ناوی "شۆخان عەبدوڵا"یە و تەمەنى 36 ساڵە، لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی گیانی لەدەست داوە.
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە "وشە"ی گوت، ژنەكە لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە و لەلایەن پۆلیسەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە كراوەتەوە.
زیاتر گوتی، دوای پرسەكەی دەست بە لێكۆڵینەوە دەكەن، چونكە چاوەڕێ دەكەن مێردەكەیشی لەو وڵاتە بگەڕێتەوە.
لەلایەكی ترەوە، لینا تاهیر، پەیامنێری "وشە" لە سلێمانی ئەوەی گوت، ئەو ژنە دایكی سێ منداڵە و لە بەریتانیا ژیاوە، رۆژێك پێش جەژنی رەمەزان گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و شەوی سێشەم نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە.
لەماوەی رابردوودا چەندان حاڵەتی تری هاوشێوە هەبووە كە بەهۆی نەشتەرگەریی جوانكارییەوە گیان لەدەست دان ڕووی داوە، بەڵام هەموو ئەوانە لە نەخۆشخانە تایبەتەكان بوون.