ئێران مامۆستایەکی ئایینیی کوردی بە 22 مانگ گرتن حوکم دا

:: PM:04:12:23/04/2025 ‌
دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی 22 مانگ گرتنی بەسەر مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی مزگەوتی گەڕەکی قەوەخی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان سەپاند.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی داوە، حوکمەکە لەلایەن دادگای تایبەتی بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان بەسەر ئەو مامۆستا ئایینییەدا سەپێنراوە، تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم چالاکە ئایینییە کوردە بەردەست نییە.

مامۆستا سابیر خودامورادی، لە کۆتایی بەهاری ساڵی رابردووش لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان بە 15 مانگ گرتن و 72 لێدانی قامچی سزا درابوو.

ئەو پێشتریش لە بەهاری 2022، بە هۆکاری ناڕەزایەتی لە دژی حکوومەت و بەرگری لە داواکارییەکانی خەڵک لە میانەی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە وتارەکانى نوێژی هەینی، بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان بانگ کرابوو.


وشە - سلێمان تاشان