ئەمڕۆ 20 رۆژ بەسەر ونبوونی "ئاڤێستا" تێپەڕ دەبێت لە رووباری تەنگاتوور، دوای چەندان هەوڵ و ماندووبوونی زۆری تیمەكانی بەرگری شارستانی، تا ئێستە "ئاڤێستا" نەدۆزراوەتەوە، "وشە" لە رێگەی ژیریی دەسكردەوە گەیشتە ئەو دەرەنجامەی كە تیمەكانی بەرگری شارستانی ئەوەی لەسەریان بووە بەجێیان گەیاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا رێگەیەكی نوێی پێشنیار كرد كە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی.
ژیریی دەسكرد پێشنیاری ئەوە دەكات، جلێكی نەشووراوی "ئاڤێستا" یا لەچكێكی بدرێت بە سەگێكی راهێنراوی "كەی 9"، ئەمەیش بۆ ئەوەی سەگەكە ئاشنا بێت بە بۆنی ئاڤێستا، چونكە بە پێی زانست هەر مرۆڤێك لەسەر ئەم زەوییە بۆنێكی تایبەتی هەیە و تەنیا سەگیش لە توانایدایە ئەم بۆنانە لە یەكتر جیا بكاتەوە.
بەپێی ژیری دەسكرد، ئەگەر ئاڤێستا لە ژێر ئاو لە بەردێك یا ئەشكەوتێك گیربووبێت، هێشتا بۆنەكەی دەگاتە سەر ئاو و گەڕاندنی سەگێك لەسەر پشتی بەلەمێكەوە دوای ئەوەی بۆنی "ئاڤێستا"ی پێ درا، رەنگە ئومێدێك بێت بۆ دۆزینەوەی، بە شێوەیەك دەبێت تیمی بەرگری شارستانی بە درێژایی ئەو شوێنانەی كە زۆر گومانیان هەیە و پێیان وایە گەڕان تیایدا سەختە، سەگەكە دەگێڕن بەو ناوەدا و ئەگەر تەرمی ئاڤێستا لەم ناوچەیەدا بێت، ئەوا سەگەكە دەست دەكا بە حەپین یا هەر ئاماژەیەك كە لەسەری راهێنراوە.
بەپێی ئەو زانستەی "ژیریی دەسكرد" دەیزانێت، سەگی "كەی 9" تەنانەت دوای 20 رۆژیش لەسەر گیانلەدەستدانی كەسێك دەتوانێت شیكردنەوە بۆ ئەو بۆنە بكات كە جەستەی دەریدەداتە سەرەوەی ئاو، بەڵام لە هەندێك باردا كارەكە بۆ سەگەكەیش قورس دەبێت، بەم شێوەی خوارەوە:
یەكەم: پلەی گەرمی ئاوەكە
ئاوەكە ئەگەر زۆر سارد بێت، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رادەی هەستیاریی بۆنكردنی سەگەكە.
دووەم: رێرەو و خێرایی ئاوەكە
ئەگەر ئاوەكە زۆر خێرابێت، ئەوا ئەو بۆنانەی كە جەستەكە دەری دەكەن كەمتر لەسەر ئاوەكە دەمێننەوە و زوو لەناو دەچن.
سێیەم: قووڵیی ئاوەكە و جۆری قوڕەكە
ئەگەر جەستەكە لە قوڵایی زۆرەوە گیری خواردبێت ئەوا بۆنی جەستەی ناگاتە سەر ئاوەكە.
دەرەنجام:
هەرچەندە زۆربەی جار خێرایی ئاوی تەنگاتوور زۆر بووە و ساردیش بووە، بەڵام لەكاتە ئاسایی و مامناوەندەكان دەكرێ سەگی "كەی 9" وەك ئومێدێك سەیر بكرێت بۆ دۆزینەوەی ئاڤێستا، تەنانەت ئەگەر چەند هەفتەیەكیش بەسەر دیارنەمانی تێپەڕ بووبێت.