ئاوات حسامەدین: بەردەوام هەڕەشەمان لێ‌ دەكرێت

:: PM:06:00:17/05/2025 ‌
سەرپەرشتیاری ئاینی زەردەشتی لە كوردستان رای دەگەیەنێت، بەردەوام هەڕەشەیان لێ‌ دەكرێت و تەنانەت لە زۆر رێوڕەسمیش، رێگە نادەن بەشداری بكەن. 

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئایاری 2025، ئاوات حسامەدین كە خۆی وەك سەرپەرشتیاری ئاینی زەردەشتی ناساند، بە "وشە"ی گوت، بەردەوام لە ڕێی راستەوخۆوە یان نامە و تەلەفۆن هەڕەشە لە خۆی و ئەندامانیان دەكرێت. 

ڕوونیشی كردەوە، ئەوان زۆرتر چالاكییەكانیان لە سنووری سلێمانییە، ئەوانەی هەڕەشەیش دەكەن كەسی جۆراوجۆرن كە چەندان جار لایەنی تەناهییان ئاگەدار كردووەتەوە. 

ئەو سەرنجی خستە سەر مەترسییەكی تریش كە لەسەریانە و گوتی، ئێستە وای لێ‌ هاتووە تەنانەت رێگە نادەن لە زۆرێك لە رێوڕەسمە ئاینییەكانیش بەشداری بكەین، كە ئەوە پێچەوانەی پێكەوەژیانە. 

هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە، لەلایەن زۆرێك لە پیاوانی ئاینی رێزیان لێ دەگیرێت، بەڵام سەرچاوەكانی هەڕەشەكان جۆراوجۆرن. 

ئاینی زەردەشتی ماوەی چەند ساڵێكە بانگەشەی بۆ دەكرێت لە كوردستان، لە ماوەی رابردوودا چەندان بابەتی جۆراوجۆریان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كردووەتەوە.


وشە - وشه‌