لەسەر گیان لەدەستدانی ئەو ژنەی زاخۆ كە بەهەڵە خوێنی تێكرابوو، پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، سەرجەم ئەو كەسانەی كەمتەرخەم بوون لەو كەیسەدا دەدرێنە دادگا.
روژی پێنجشەم یەكی ئایار، ژنێكی تەمەن 38 ساڵان بەمەبەستی نەشتەرگەریی منداڵبوون، گەیەنرایە نەخوشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ، لە كاتی نەشتەرگەرییەكەیدا پێویستی بە دوو بوتڵی خوێن بوو لە جۆری +B، لە تاقیگە و بانكی خوێنی زاخۆ، بەهەڵە بوتڵێكی جۆری +A لەگەڵ +Bیان دابوو بەو ژنە و دوای نەشتەرگەرییەكە، ئەوكات زانییان هەڵەیان كردووە.
دوای نیو سەعات لە نەشتەرگەرییەكە، دۆخی تەندروستیی ژنەكە تێكدەچێت و بەدرێژایی 17 رۆژ بەهۆی ئەو هەڵەیەوە، لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشكەكاندا بووە و دوێنێ گیانی لە دەست دا، ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
لەمبارەیەوە ئەحمەد رەمەزان گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رای گەیاند، دادوەر و داواكاری گشتی، ئەم دۆسیەیان جووڵاندووە و هەموو ئەو كارمەند و پزیشكانەی كەمتەرخەم بوون لەم بابەتەدا، دادگایی دەكرێن.
شیلان ئیسماعیل تەمەنی 38 ساڵ و دایكی شەش منداڵ بوو، بەمەبەستی لەدایكبوونی حەوتەمین منداڵی، رەوانەی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی زاخۆ كرا.
لە زانستی پزیشكیدا وەرگرتنی خوێنی نەگونجاو، دەبێتە هۆی تێكشكانی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، بە رێژەی جیاواز كاریگەریی لەسەر گورچیلەكان و گوشاری خوێن دروست دەكات، تا دەگاتە حاڵەتی سەرئێشە، بێهێزی و بێهۆشی.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی زاخۆ دوای رووداوەكە رای گەیاند، لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ئەو كەیسە پێكهێنراوە، لیژنەكە لە پێنج پزیشك پێكدێت. هەموو ئەو كارمەندانەی شەوی یەكی ئایار لە ئەركدا بوون، لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و لایەنی كەمتەرخەم سزا دەدرێت.