بەپێی ئامارەكانی یەكێـتیی پیاوان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئایاری ڕابردوو، 194 سكاڵا تایبەت بە توندوتیژیی دژی پیاوان تۆمار كراون.
ئەمڕۆ دووشەم دووی حوزەیران، بورهان فەرەج سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ڕای گەیاند، لە سەرەتا ئەمساڵەوە تا مانگی ئایاری ڕابردوو 194 سكاڵا تایبەت بە توندوتیژیی دژی پیاوان تۆمار كراون، ئەمەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو توندوتیژیی دژی پیاوان زیادی كردووە.
ئەمە لە كاتێكدا رێخراوەكانی ئافرەتانیش باس لە توندوتیژیی پیاوان دەكەن كە رۆژانە بەرانبەر ئافرەتان دەیكەن. لە بەرانبەر ئاماری رێكخراوی پیاواندا دەڵێن، زێدەڕۆیی زۆری تێدایە.
سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان دەڵێت: بەپێی ئەو ئامارەی كە لە بەردەستماندایە، 23 پیاو كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و هەروەها پێنج پیاوی تریش بەهۆی كێشەوە خێزانییەوە كوژراون.
سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان كە بارەگاكەیان لە سلێمانییە، بۆ سایتی "شەفەق نیوز" ئەوەشی خستە ڕوو: "پیاوانیش هاوشێوەی ژنان بوونەتە قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، ئەمەش بەهۆی ناهۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێ، هەروەها ڕێژی جیابوونەوەش زیادی كردووە و پێویستە كار بكرێت بۆ ڕێگریی لە توندوتیژیی خێزانی و چارەسەری گونجاوی گرفتەكان بكرێت."