بەیانی ئەمڕۆ گەنجێكی سنووری سیدەكان، مینێكی پێدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا. رۆژی پێنجشەمیش چوار كەس بەهۆی بەركەوتن بە تەقینەوە لە كاتی راوەماسی، گیانیان لە دەست دا.
ئەمڕۆ شەموو 28ـی حوزەیران، گەنجێكی دەڤەری برادۆست بە دیاریكراوی دانیشتووی ناوچەی دەشتی هێرت و گوندی خۆرانە، بەناوی (عوسمان سدیق برادۆستی)، ڕووی كردووەتە كوێستانەكانی برادۆست و كوێستانی سەرووكە، لەوێ مینێك پێیدا دەتەقێتەوە و گیان لە دەست دەدات.
ئەوەش زانراوە، ئەو گەنجە لە ناوچەی قەدەغەكراوی تەناهی بووە، ئەم ناوچەیە هێماكانی ئاگاداركردنەوەی مینی لێ بووە و ناوچەكە سەردانكردن بۆی قەدەغەیە.
پێشتر بەرپرسانی دەزگای مین، هاووڵاتییان و دانیشتووانی دەڤەرەكەیان ئاگادار كردووەتەوە كە سەردانی ئەو ناوچەیە نەكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەم بەهۆی تەقینەوەی TNT لە كاتی راوەماسی، چوار گەنجی هەڵەبجە گیانیان لە دەست دا.