د. لانە كرمانج لە نوێترین گوتاریدا لەبارەی جوانیی ژنەوە رای گەیاند، گرنگیدانی ژن بە جوانی بەشێكە لە سروشتی ژن. دژایەتیكردنی گرنگیدانی ژن بە جوانی نادروستە و دژی فیترە و زگماك و بنیاتی ژنە. جوانیی ژن هێز و دەسەڵاتە. دەشێ جوانی هەم بەرەكەت بێ، هەمیش ماڵوێرانی. تا جوانی نەبێتە مایەی بەدبەختی، دەبێ مەعریفەیشی لەگەڵدا بێ.
د. لانە كرمانج كە پێشتر بە د. زمناكۆ خەسرەو ناسرابوو، لە ساڵی 2023 وە رای گەیاند كە ئیتر بڕیاری ئەوەی داوە لەگەڵ شوناسی ڕاستەقینەی خۆی كە (ژنبوون)ە بژی.
د. لانە خەڵكی هەولێرە و لە ئەمەریكا دەژێت و سێ منداڵی هەیە. ئەو پزیشكێكی ناسراوی ناو خەڵكە كە زیاتر لەبارەی بابەتە دەروونییەكان و خودناسیی دەنووسێت و گوتارەكانی لەو بارەیەوە بڵاو دەكاتەوە.
د. لانە كرمانج لە نوێترین گوتاریدا لەبارەی جوانیی ژنەوە دەڵێت: جارێ دەبێ ئەوە بزانین كە جوانیی تێگەیشتنێكی كەسییە. لە فەلسەفەدا بەوە دەگوترێ "سەبجێكتڤ، سوبێكت، سۆبژە، سوبژە، یان هەر ناوێكی دی". واتا ئەوەی لە چاوی تۆ جوانە، مەرج نییە لە چاوی كەسێكی تر جوان بێ. واتا ناتوانین جوانیی شتێك یان كەسێك بە فاكت بسەلمێنین. دەیان هۆكار هەن كە وامان لێ دەكەن كەسێكمان پێ جوان بێ. هەموو هۆكارەكان پێكەوە كاریگەرییان لەسەر بینینی ئێمە هەیە بۆ جوانیی كەسەكان.
د. لانە دەنووسێت، جوانی لە خودی ژندا، لە خودی هەموو مرۆڤێكدا ئامادەیە، جوانی بەشێكە لە سروشتی مرۆڤ. جوانیی جەستە و جوانیی مرۆڤ وجودێكی سروشتیی مرۆڤە، نەگۆڕە. ئەوە تێگەیشتنە جیاوازەكان و تێگەیشتنی خۆمانە بۆ جوانیی خۆمان و ئەوانیتر، جیاوازیی جوانی دروست دەكات.
"ئێمە دەتوانین ڕای خۆمان لەسەر بەرانبەرمان فەرز بكەین. واتا ئەوە ئێمەین دەڵێین بە بەرانبەرمان كە جوانین، دەبێ ئەوانیش جوان بمانبینن.
لەبارەی مێژووی تێگەیشتن لە ژن و پیاو، گرنگیدان بە جوانی لەلایەن ژنانەوە بەشێك لە سروشت و بنیات و زگماك و فیترەتی خۆیان، لانە دەنووسێت: ئەوە بەشێكە لە كڕۆمۆسۆم و خوێنی خۆمان. گرنگیدان بە جوانی، بەشێكە لە ژن. كەواتا دژایەتیكردنی جوانیی ژن و دژایەتكردنی ئەوەی كە ژن گرنگی بە جوانی بدات، هەڵەیە. نادروستە. بەشێك نییە لە سروشت. دژایەتیكردنی جوانیی ژن و دژایەتیكردنی گرنگیدانی ژن بە جوانی، بەرهەمی پیاوسالارییە. ئەوە فرە هۆكارە. بەڵام لە سادەترین مانا و شیكاری ئەوەدا، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە كە ژن جوانە. هەروەها سەلمێنەری ئەوەیە كە جوانیی ژن هێز و دەسەڵاتە. ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە كە هێزی پارسەنگ و وەڵامدەرەوەی دەسەڵات و هێزی پیاوە. واتا، پیاو، جوانیی ژن بە مەترسی دەبینێ. پیاو جوانیی ژن بە مەترسی دەبینێ بۆ سەر هێز و دەسەڵاتی پیاوسالارانەی خۆی. بۆیە لە هەزاران ساڵی ڕابردوودا پیاو لە ڕێگەی ئاین و دەسەڵات و داونەریت و یاساوە، دژایەتی جوانی ژنی كردووە، جوانیی ژنی ڕەت كردووەتەوە، سەتان سانسۆر و یاسا و یاساغ و بڤە و داپۆشینی بۆ جوانیی ژن داناوە. بێگومان كە دەڵێین پیاو، مەبەستمان لە پیاوی پیاوسالارە.
لانە كرمانج باسی لەوەش كردووە، ئەم تێڕوانینە پیاوسالارییە پەڕیوەتەوە ناو مەعریفە و هۆشیاری و خوێندەواری و ئەكادیمیاش، بەداخەوە. ڕۆژانە هەمیشە بەر ئەو تێگەیشتنە دەكەوین كە نابێ ژن گرنگیی بە جوانیی خۆی و جوانیی جەستەی و جوانیی دەركەوتنەكانی بدات. وەك ئەوە وایە مادام ژن هۆشیارە، دەبێ بەخۆی بێ دژایەتی جوانییەكەی خۆی بكات. ئەوە هەڵەیە. هەڵەكە لە كوێدایە؟ هەڵەكە لەوەدایە مادام پیاو سەرنجی جەستەی ژن و جوانیی ژن دەدا، كەوابێ نابێ ژن جوانییەكەی دەرخات. ئەوە هەڵەیە. كێشەكە لەوەدا نییە كە ژن جوانە و جەستەی ژن جوانە، كێشە لەوەدایە كە نابێ پیاو ڕەفزی هەموو وجودی مەعریفە و كەسایەتی و مرۆڤبوون و تێگەیشتنی ژن بكات، تەنیا جوانییەكەی و جەستەكەی ببینێ. ئەو تێگەیشتنە رادەستبوونە بە تێگەیشتنەكی هەڵە. دەنا هیچ كێشە و كێشەیەك لەوەدا نییە كە پیاو جوانیی ژن، هاوتا دەگەڵ بینینی كەسایەتی و مەعریفە و دنیابینی و مرۆڤبوونی ژن ببینێ.