بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە، 16 كەسیان بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێری "گزی" گرتووە.
ئاسایش رای گەیاند، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمەكانمانەوە لەسەر ئەو هەژمارانەی كە لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان بانگەشەی وەڵامی پرسیارەكانی پۆلی 12 و فرۆشتنی ئامێری تایبەت بە (گزی/غش) كردنیان دەكرد، ناسنامەی 16 تۆمەتبار ئاشكرا كرا كە ئەو كارەیان ئەنجامداوە.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سەرجەم تۆمەتباران لە چەند چالاكییەكی جیاوازدا گیران.
دووپات لەوەیش كراوەتەوە، گیراوەكان پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و دواتر دۆسیەكانیان ڕەوانەی پۆلیسی هەولێر كراوە، لەكاتی گرتنی تۆمەتباران دەست بەسەر 37 ئامێری ( گزی)كردندا، گیراوە.
هەروەها دووپات دەكەنەوە، هەوڵەكان بەردەوام دەبن لە دۆزینەوە و گرتنی ئەو كەسانەی كە ئەم كارە نایاساییە ئەنجام دەدەن.