گەڕان بەدوای ئاڤێستا كۆتایی دێت

:: AM:09:38:03/07/2025 ‌
رۆژی شەموو یان یەكشەم كۆتایی بە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا دێت، سێ‌ مانگی كاری بەرگریی شارستانیی سۆران بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا، تەواو دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، رەوەند هاودیانی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای گەڕان بۆ تەرمی ئاڤێستا كە سێ‌ مانگی خایاند، لە دوای 90 رۆژ، گەڕانێكی گەورە ئەنجام دەدەین.

زیاتر گوتی، دوای 90 ڕۆژ ئێمە گەڕانێك بە ئامادەبوونی 180 ئەفسەر و تیمی بەرگریی شارستانی ئەنجام دەدەین و كەیسەكە دادەخەین.

باسی لەوەش كرد، دوای ئەنجامدانی پرۆسەكە، تەواوی زانیارییەكان دەخەینە ڕوو و سەرجەم ئەو زانیارییانەی هەن بۆ هاووڵاتییان دەخەینە ڕوو.

روونی كردەوە، بەردەوام و رۆژانە شەش تیم خەریكی گەڕانن بەدوای دۆزینەوەی تەرمەكە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە ڕۆژی شەموو پێنجی نیسان، ماڵباتی سەید یوسف بۆ گەشتكردن چوونەتە سنووری مێرگەسۆر، لەوكاتەدا یەكێك لە كچ و كوڕەكانی سەید یوسف بۆ وێنەگرتن دەچنە لێواری زێی گەورە، كوڕەكەی دەكەوێتە ناو ڕووبار و خوشكەكەی بە ناوی ئاڤێستا هەوڵی ڕزگاركردنی براكەی دەدات، براكەی بە سەلامەتی دەردەچێت، بەڵام ئاڤێستای خوشكی كە تەمەن 27 ساڵ بوو، دەكەوێتە ناو زێی گەورە و تا ئێستە بێسەروشوێنە، تیمەكانی فریاگوزاری و هاووڵاتییانی دەڤەرەكە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تەرمەكەی.



وشە - رامیار جەواد