تاوانێک تونس دەهەژێنێت: پیاوێک بە داوای سیحربازێک چاوەکانی ژنەکەی دەرهێنا

:: PM:03:38:04/07/2025 ‌
ژنێکی تونسری بەتەواوی بینایی لەدەستدا، دوای ئەوەی مێردەکەی بە داوای سیحربازێک چاوەکانی دەرهێنا، بەو بیانووەی کە گەنجینەیەک لەژێر ماڵەکەیاندا شاردراوەتەوە. ئەم تاوانە شۆکێکی گەورەی لەنێو خەڵکی تونسدا دروست کردووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی تونس وردەکاریی تاوانە سامناکەکەیان بڵاوکردەوە کە لە ناوچەی سەبیخە لە پارێزگای قەیرەوان لە ناوەڕاستی تونس ڕوویداوە، بە پاڵنەری گەڕان بەدوای گەنجینەیەکی خەیاڵیدا.

بەگوێرەی وردەکارییەکان سیحربازێک کە لە پایتەختەوە چووەتە قەیرەوان بۆ دۆزینەوەی گەنجینە خەیاڵییەکە لەگەڵ ئەندامانی خێزانی تاوانبارەکەدا، ئیدعای ئەوەی کردووە کە "نەفرەتێک" بوونی هەیە کە ڕێگرە لە دۆزینەوەی گەنجینەکە، و لابردنی ئەم نەفرەتەش پێویستی بەوەیە کە دوو چاو بکرێنە قوربانی.

باوکی قوربانییەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی "جەوهەرە"ی تایبەت، دەڵێت کچەکەی کە تەمەنی 29 ساڵە، کاتێک داواکارییەکەی مێردەکەی ڕەت کردووەتەوە، پیاوەکە بە بیانووی ئاشتەوایی بردوویەتییەوە بۆ ماڵەوە. دوای نانی ئێوارە، دەستی بە لێدانی کردووە و بە زۆر و بە بەکارهێنانی چەتاڵی نانخواردن، چاوەکانی دەرهێناوە. دواتر چاوەکانی لە کیسەیەکی پلاستیکیدا هەڵگرتووە و بۆ سیحربازەکەی بردووە و ژنەکەشی بە خوێناوی بەجێهێشتووە.

قوربانییەکە ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی زانکۆیی لە پارێزگای سوسە لەژێر چارەسەردایە، دوای ئەوەی تووشی خوێنبەربوونێکی توند بووە. ئەو نەک تەنیا بینایی لەدەستداوە، بەڵکو تووشی شکانی مل و داڕمانی دەروونیش بووە.

بەگوێرەی ڕادیۆکە، هێزەکانی ئاسایش مێردەکەیان گرتووە و ئەویش ددانی بە تاوانەکەیدا ناوە.


وشە - پۆڵا مەحموود