ئەمڕۆ كەیسی مامۆستا ئاڤێستا كۆتایی دێت

:: AM:09:15:05/07/2025 ‌
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ بۆ كۆتاجار هەڵمەتێكی فراوان بۆ دۆزینەوەی تەرمی مامۆستا ئاڤێستا ئەنجام دەدەین و كۆتایی بە پرۆسەی گەڕان دەهێنن.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز، كاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆتا رۆژی مانگی سێیەم، هەڵمەتێكی گشتگیر و چر بە بەشداریی 100 كارمەند و ئەفسەر كە دابەش كراون بۆ 20 تیم، بە دوای تەرمی مامۆستا ئاڤێستا دەگەڕێین، بە ئومێدی ئەوەی وەك كۆتا دەرفەت بتوانین تەرمەكەی بدۆزینەوە.

زیاتر گوتی،، ئەم هەڵمەتە دەبێتە دوایەمین رۆژی گەڕانمان، ئەگەر نەتوانرا بدۆزرێتەوە، بەشێوەیەكی فەرمی ئەم كەیسە دادەخەین و كۆتایی دەهێنین بە گەڕان و پشكنینەكانمان.

جێگەی ئاماژەیە ڕۆژی شەموو پێنجی نیسان، ماڵباتی سەید یوسف بۆ گەشتكردن چوونەتە سنووری مێرگەسۆر، لەوكاتەدا یەكێك لە كچ و كوڕەكانی سەید یوسف بۆ وێنەگرتن دەچنە لێواری زێی گەورە، كوڕەكەی دەكەوێتە ناو ڕووبار و خوشكەكەی بە ناوی ئاڤێستا هەوڵی ڕزگاركردنی براكەی دەدات، براكەی بە سەلامەتی دەردەچێت، بەڵام ئاڤێستای خوشكی كە تەمەن 27 ساڵ بوو، دەكەوێتە ناو زێی گەورە و تا ئێستە بێسەروشوێنە، تیمەكانی فریاگوزاری و هاووڵاتییانی دەڤەرەكە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تەرمەكەی.



وشە - رامیار جەواد