ئیقبال نەعیم كە ئەكتەرێكی زۆر ناوداری عێراقە و لە بوارەكەی خۆیدا بە "ئەستێرەی شانۆ و دراما" هەژمار دەكرێت، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا سەندیكای هونەرمەندانی عێراق، مردنی ئەو خاتوونە هونەرمەندەی راگەیاند.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تەمووز، بەیاننامەكەی سەندیكای هونەرمەندانی عێراقی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا كۆچی دوایی ئەقبال نەعیمی لە تەمەنی 67 ساڵیدا راگەیاندووە، بی ئەوەی باس لە هۆكاری مردنەكەی بكرێت ئایا بە نەخۆشی یاخۆ هەر هۆكارێكی تر، ئەو هونەرمەندە كۆچی دوایی كردووە.
ئیقبال نەعیم لە ساڵی 1958 لە دایك بووە و لە ژیانی هونەریدا، لەگەڵ چەندان تیپی هونەریی نواندن كاری كردووە، بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتاكانی رابردوو، وەك ئەستێرەیەك لە بواری شانۆ و درامای عێراقیدا ناو دەبرا. جیالەوەی ئەكتەرێكی بەتوانا بوو، هاوكات وەك دەرهێنەریش كاری بۆ چەندان شانۆیی كردووە و لە ژیانی هونەریدا دەیان خەڵاتی ناوخۆی عەرەبی و نێودەوڵەتیی پێ بەخشراوە.
ئەو هونەرمەندە بەهۆی بەشداریكردنی لە شانۆیی "الرهن"، خەڵاتی باشترین ئەكتەری لە سەنتەری عێراقی بۆ شانۆ لە ساڵی 1985 پێ بەخشرا. هاوكات لە 1987دا خەڵاتی باشترین ئەكتەری لە شانۆیی "الف امنیە و امنیە" وەرگرت. لە فێستیڤاڵی قرتاجی شانۆیی لە 1987، خەڵاتی باشترین ئەكتەری پێ بەخشرا. جیا لە وەرگرتنی دەیان خەڵاتی تر.
هاوكات ئیقبال نەعیم لە كارە هونەرییەكانیدا لەگەڵ چەندان دەرهێنەری ناودار كاری كردووە، وەك عەونی كەروومی، سەڵاح قەسەب، عەزیز خەیوون و فازڵ خەلیل.
جیا لە كارە شانۆیی و داراماكانی، هاوكات ئیقبال نەعیم لە چەندان فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەكی بینیوە، نموونەیان فیلمەكانی "حب فی بغداد" و "ستە علی ستە".