لە هەولێر، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە باخی شار كراوەتە شوێنی كۆبوونەوەی خانەنشینان، بەڵام بەڕێوەچوونی شوێنەكە خۆبەخشانە بوو، دوای تۆماركردنی لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە بووە سەنتەرێكی كۆمەڵایەتی بۆ خانەنشینان.
لە پڕۆسەیەكدا و بە ئامادەبوونی دادوەر، سەنتەرەكە سەرۆك و ئەندامانی هەڵبژارد تا لە داهاتوو ئەركی ئەو شوێنە بۆ خانەنشینان بگرنە ئەستۆ.
مامۆستا یونس عوسمان كە بە هەڵبژاردنی خانەنشینان كرا بە سەرۆكی سەنتەرەكە، بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و دەستەی نوێی سەنتەری كۆمەڵایەتی خانەنشینان هەولێر بەڕێوەچوو.
ڕوونیشی كردەوە كە جیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكی سەنتەرەكە دەستەیەكی باڵا هەڵبژێردران. ئەو گوتی، تا ئێستە ئەو شوێنە بەفەرمی تۆمار نەكرابوو، بەڵام ئەوان وەك سەنتەرێكی كۆمەڵایەتی مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
جیا لە یونس عوسمان كە سەرۆكی سەنتەرەكەیە، هەریەكە لە ئیسماعیل ئەبوبەكر یاریدەدەر و رەشید عەزیز بەڕێوەبەری راگەیاندن و واحید كۆیی بەڕێوەبەری پەرتوكخانە و سەعدی محەمەد بەڕێوەبەری كارگێری و داراییە.
چاوەڕوان دەكرێت سەنتەرەكە كار بۆ خانەنشینانی ئامادەبوو لەو باخەدا بكات و چەندان چالاكی لە داهاتوودا پێشكەش بكەن.