به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خه‌ڵاتی ساخارۆف له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له به‌رنامه و رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا كه به بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی سێ ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی ژینا ئه‌مینی ساز ده‌كرێت، رێز له بزووتنه‌وه‌ی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ده‌گرێت.
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا رای گه‌یاند، خه‌ڵاتی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه به ساخارۆف ناسراوه، به ژینا ئه‌مینی و بزووتنه‌وه‌ی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ده‌به‌خشێت. ئه‌وكات پارێزه‌ری بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مینی به نوێنه‌رایه‌تیی بنه‌ماڵه‌كه خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت.
بڕیاره ئه‌مڕۆ دووشه‌م هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه، دوو پانێڵی تایبه‌ت له‌باره‌ی سه‌ركوتكارییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و سكاڵا و هه‌ڵوێسته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه ببات.
ژینا ئه‌مینی ته‌مه‌ن 22 ساڵ كه خه‌ڵكی سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، له 13ی ئه‌یلوولی 2022 له تاران له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب/ره‌وشت رفێنرا و ئه‌شكه‌نجه درا.
ژینا بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له نه‌خۆشخانه خه‌وێنرا و له 16ی ئهیلوول گیانی له ده‌ست دا. ته‌رمی ژینا ئه‌مینی له 17ی ئهیلوول به‌خاك سپێردرا، هه‌ر له گۆڕستانی ئایچیی سه‌قزه‌وه چه‌خماخه‌ی شۆڕش لێ درا و دژایه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرا، ئه‌و راپه‌ڕینه له ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و دواتر ئێرانی ته‌نی و ده‌سه‌ڵاتی تاران تا لێواری رووخان برد.
حكوومه‌تی ئێران بۆ سه‌ركوتكردنی ئه‌و شۆڕشه، لانی كه‌م 600 كه‌سی كوشت و به هه‌زارانی گرت و راپێچی گرتووخانه‌كان كران، ئێسته‌یش گرتووخانه‌كانی ئێران پڕن له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''.