ئەو كەسەی خەزووری كوشت خۆی رادەستی پۆلیس كرد

:: PM:05:10:13/10/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رای گەیاند، ئەو تۆمەتبارەی خەزووری خۆی كوشت خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد.

پۆلیس روونی كردووەتەوە كە دوای ئەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە حاڵەتێكی كوشتن لە بەردەم دادگای هەولێر ئاگەدار كرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد.

" لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە تۆمەتبارێك بە ناوی (ا. ع. م) كە كێشەی خێزانی هەبووە،  لەكاتی هاتنەدەرەوەیان لە دادگا، تەقە لە خەزووری خۆی دەكات بەناوی  (ب. ر. ع) و دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات" پۆلیس وای بڵاو كردووەتەوە.

هەروەها دەڵێن، تۆمەتباری ئاماژەپێكراو، دوای چەند سەعاتێك لە ڕوودانی تاوانەكە، خۆی ڕادەستی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر كرد، ئێستە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكە بەردەوامە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم