لە دوو رووداوی جیاواز ئەندامانی خێزانێك دەكوژرێن و سەرخۆشێك هەرا دەنێتەوە

:: PM:06:54:13/10/2025 ‌

لەوكاتەی عێراق سەرقاڵی هەڵبژاردنە، خەریكە شیرازەی كۆمەڵگەی عێراقی بە تەواوەتی لەدەست دەردەچێت، ئاستی توندوتیژی لە هەڵكشانە و لێپرسینەوەش لاوازە، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە بۆ كوژرانی تەواوی ئەندامانی خێزانێك لە پارێزگای دیوانییە لە باشووری عێراق دەكەن، لە شاری ناسرییە لە زیقاریش سەرخۆشێك بە ئۆتۆمبێل هەرا دەنێتەوە.

سەرچاوە تەناهییەكان لە پارێزگای دیوانییە ئاماژەیان كرد كە تەواوی ئەندامانی خێزانێك كە لە باوك و دایك و دوو منداڵ پێك هاتبوون، لە گەڕەكی رەفعەت لە لایەن كەسێكەوە كوژراون و دواتر پۆلیس بكوژەكەی گرتووە. 

لە پارێزگای بەسرەش ژمارەیەك چەكدار هەوڵیان دا ئەحمەد مونازڵ بەرپرسی بەشی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە شارەوانی بەسرە بكوژن، بەڵام رزگاری بوو و ئەنجامدەرانی هەوڵەكە گیران.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهیش لە پارێزگای زیقار، لە ئەنجامی راوەدوونانی شوفێرێكی سەرخۆش كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری چارجەری پێ بووە، چوار ئۆتۆمبێل زیانیان بەر كەوتووە و سێ هاووڵاتیش بریندار بوونە.

رووداوەكە لە ناوچەی ئیسكان لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە رووی داوە، كاتێك بازگەیەكی تەناهی ویستوویەتی ئەو شوفێرە بوەستێنێت، ئەو هەڵاتووە و خۆی بە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس و ئۆتۆمبێلێكی تری هاتوچۆ و دوو ئۆتۆمبێلی تری هاووڵاتییانی كێشاوە، جیا لە خستنەخوارەوەی ستوونێكی كارەبا و پچڕانی كارەبا لەسەر ناوچەیەك.    

هەر لەو راوەدوونانەی ئەو شوفێرە سەرخۆشە، سێ هاووڵاتی بریندار بوونە و بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە، شوفێرەكە هێشتا ویستوویەتی هەڵبێت، بەڵام ئۆتۆمبێلەكەی لە بۆشایی نێوان دوو شەقام گیری خواردووە و لە لایەن پۆلیسەوە گیراوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل