بە تەمەنترین ئافرەتی عێراق لە كەركووك كۆچی دواییی كرد

:: PM:01:36:17/10/2025 ‌
ئەمڕۆ هەینی، بە تەمەنترین ئافرەت لەسەر ئاستی كەركووك و عێراق، لە تەمەنی 124 ساڵیدا كۆچی دواییی كرد، وەك ئەوەی فەرمانگەی پزیشكی دادی لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێركاری ڕایگەیاند.

سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك، كۆچی دواییی حاجییە نایلە سوادی ڕاگەیاند، كە بە یەكێك لە بە تەمەنترین ئافرەتەكانی پارێزگای كەركووك و عێراق بەگشتی دادەنرا.

سەرچاوەكە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، فەرمانگەی پزیشكی دادی لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێركاری تەرمی ئافرەتێكی بەتەمەنی وەرگرتووە و دوای ناسینەوەی، دەركەوتووە كە حاجییە "نایلە سوادی"ـیە و لە دەوروبەری ساڵی 1901 لەدایك بووە.

سەرچاوەكە گوتیشی، سوادی لە ناوچەكەی خۆیدا بە تەمەندرێژی و تەندروستیی باشی ناسرا بوو سەرەڕای بەساڵاچوونی و جێی ڕێزی خەڵك بوو كە سەردانیان دەكرد و گوێیان لە گێڕانەوەكانی دەگرت سەبارەت بە قۆناغە مێژووییە كۆنەكانی ژیانی كەركووك.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، مردنەكەی سروشتی بووە و دوای تێكچوونێكی لەناكاوی دۆخی تەندروستیی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویداوە. تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕستانی خێزانەكەیان لە شاری كەركووك بەخاك بسپێردرێت.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، حاجییە نایلە سوادی یەكێك بوو لە كەسایەتییە ناسراوەكانی نێو بەتەمەنەكانی كەركووك، چونكە شایەتحاڵی زیاتر لە سەدەیەك بوو لە گۆڕانكارییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی پارێزگاكە و عێراق بەگشتی.


وشە - پۆڵا مەحموود