بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر شەقامی پشتێنەی كەركووك، دوو ژن گیانیان لە دەست دا.
ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی یەكەم، لەسەر شەقامی پشتێنەی كەركووك، ئۆتۆمبێلێك لە جۆری هیۆندای ئەكسێنت، خۆی كێشاوە بە تانكەرێكی شارەوانی كە خەریكی ئاودانی دار و درەختی نێوان شۆستەكان بووە.
شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە ژن بوون و دانیشتووی گەڕەكی شۆراوی كەركووك بوون، لە رووداوەكەدا هەردووكیان دەمودەست گیانیان لە دەست داوە.
ئۆتۆمبێلەكە خێرایی زۆر بووە و شۆفێرەكەی كۆنترۆڵی لە دەست داوە و ئەو رووداوەی لێ كەوتووەتەوە، تەرمەكانیان بۆ توێكاری رەوانەی پزیشكی دادی كەركووك كراوە.