بەغدا... كەسێك بە "خەواندنی موگناتیسی" دزی لە بازاڕەکان دەکرد و گیرا

:: PM:02:46:24/10/2025 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی، ئەمڕۆ هەینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، گرتنی ئەو تۆمەتبارەی ڕاگەیاند كە لەرێگەی "خەواندنی موگناتیسییەوە" دزی لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و دوكانە بازرگانییەكانی بەغدای پایتەخت دەكرد.

سەرچاوەكە  ڕای اگەیاند، پۆلیسی بەغدای کەرخ ئەو تۆمەتبارەیان گرتووە کە شێوازی فێڵکردن و یاریکردنی بە مێشکی قوربانییەکانی بەکارهێناوە بۆ دزیکردن، کە شێوازەکە لەنێو هاووڵاتییاندا بە خەواندنی موگناتیسی ناسراوە.

سەرچاوەكە گوتیشی، گرتنەکە دوای ئەوە هاتووە کە چەند هاووڵاتییەک سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.

لە عێراقدا شێوازەکانی دزیکردن جۆراوجۆرن و دوای هەڕەشە و بەکارهێنانی چەک، ئێستا خەواندنی موگناتیسی وەک شێوازێکی نوێ بۆ دزیکردن لە خەڵک، بەتایبەتی لە دوکان و کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا، دەرکەوتووە. جێی باسە، ئەمە یەکەمجار نییە کەسێک بەم شێوازە بگیرێت.

بەپێی زانیارییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی پێشتر بڵاو بوونەتەوە، تۆمەتباران بە شێوازێکی تایبەت قسە لەگەڵ قوربانییەکەدا دەکەن و دەست لە دەستی دەدەن، دواتر قوربانییەکە بەبێ هۆشیاریی تەواو، هەرچی داواکاریی لێ بکرێت جێبەجێی دەکات و پارە و کەلوپەلی خۆی پێشکەش دەکات.


وشە - پۆڵا مەحموود