لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە میسر كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە، كەسێك بە مۆتۆرسكیلێكی توك توك تەرمی دوو منداڵ دەباتە ناو تەلارێك لە ناوچەی فەیسەڵ لە پارێزگای جیزە و دواتر دەردەكەوێت كە تاوانێكی گەورەی لەپشتە، ئەو تاوانە كاردانەوە و توڕەییەكی گەورەی لە سۆشیال میدیای ئەو وڵاتە دروست كرد و خەڵكەكە داوای توندترین سزایان بۆ تاوانبارەكە كرد.
ئەوەی گوترا بەشێكە لە تاوانەكە، كە دواتر وردەكارییەكەی دوای گرتنی تاوانبارەكە ئاشكرا بوو، كە پێوەندییەكی ناشەرعی لەگەڵ دایكی ئەو منداڵانە هەبووە و بڕیاری داوە خۆی لە دایكەكە و سێ منداڵی بە شێوەیەكی قێزەون رزگار بكات، لە تۆمارەكە ماتۆرسكیلەكە لەبەردەم تەلارێك دەوەستێت و كەسێك تەرمی دوو منداڵ دەباتە ناو تەلارێك و دەڕوات، كە تەرمی كوڕێك و خوشكەكەیەتی.
دەزگا تەناهییەكانی جیزە وردەكاریی رووداوەكە و ددانانی تاوانبارەكە كە خاوەن دووكانی فرۆشتنی دەرمانی ڤێتەرنەرییە، چۆن ئەو دایكێك و سێ منداڵەكەی كوشتووە، دەركەوت ئەو پێوەندی لەگەڵ دایكەكە هەبووە، بەڵام بووەتە كێشەیان و ویستوویەتی خۆی لەو ژنە و منداڵەكانی رزگار بكات، پێوەندی ناشەرعی لەگەڵ دایكەكە هەبووە و شوقەیەكی بۆ بەكرێ گرتوون.
وەزارەتی ناوخۆی میسر لە بەیاننامەیەك و دوای گرتنی تاوانبارەكە باسی دۆزینەوەی تەرمی دوو منداڵ لە شەقامی لبینی لە ناوچەی هەرەم دەكات، رووداوەكە لە 21ی ئەم مانگە رووی داوە و ئەو سەرەتا دایكەكەی بە مادەیەكی ژەهراوی كوشتووە و بۆ نەخۆشخانەی گواستووەتەوە وەك هاوسەری خۆی بە ناوێكی ساختە تۆماری كردووە.
دوای سێ رۆژ لەوە هەوڵی داوە خۆی لە منداڵەكانیش رزگار بكات، ئەوانی بردووەتە گەشتێك و و هاوشێوەی دایكیان ژەهری بۆ لە شەربەت كردوون، دوو منداڵە 11 و 13 ساڵییەكە ژەهرەكەیان خواردووە و گیانیان لەدەست داوە، كەچی منداڵە بچووكە شەش ساڵییەكە شەربەتەكەی نەخواردووەتەوە، بۆیە خستوویەتییە ناو گۆمێك ئاو و خنكاوە، دواتر تەرمی هەرسێكیان دۆزراوەنەتەوە.