فه‌ره‌یدوون ڕۆسته‌می خه‌ڵكی مه‌ریوان و فه‌رمانبه‌ری شاره‌وانیی كانی دینار له مه‌ریوان، به هۆی گوشار و هه‌ڕه‌شه له‌لایه‌ن بنكه‌ی چاودێریی ''حیراسه‌ت''ی شاره‌وانی، خۆی سووتاند.
بنكه‌ی حیراسه‌ت له هه‌موو داوده‌زگایه‌كی ئێران هه‌یه و به‌شێكی تایبه‌ته كه پێوه‌ندیی به ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانه‌وه هه‌یه و چاودێریی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات.
به‌گوێره‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، فه‌ره‌یدوون ڕۆسته‌می خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس كه شه‌ش ساڵه له شاره‌وانی كار ده‌كات، دوای ئازار و ئه‌زیه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ئه‌و بنكه‌یه‌ی شاره‌وانی، ئاگری له جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، هاوكاره‌كانی فه‌ره‌یدوون به ئامێری ئاگركوژێنه‌وه توانیویانه ئاگره‌كه بكوژێننه‌وه و فه‌رمانبه‌ره‌كه له مردن ڕزگاری بكه‌ن، به‌ڵام پاسه‌وان و هێزه‌كانی حكوومه‌ت گه‌مارۆی شاره‌وانییان داوه و ڕێگرییان له ئاگاداركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك كردووه.
فه‌ره‌یدوون ڕۆسته‌می به هۆی گوشار و سووكایه‌تیی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن "شیما محه‌مه‌دی" به‌رپرسی حیراسه‌تی شاره‌وانیی كانی دینار و كچی كه‌ریم محه‌مه‌دی له ئه‌ندامانی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی مه‌ریوان، ئاگری له جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه .
فه‌رمانبه‌ره‌كه پێشترش به‌هۆی گوشاره‌كانی شیما محه‌مه‌دی له كاره‌كه‌ی دوور خراوه‌ته‌وه و پاش گه‌ڕانه‌وه، نه‌ك له پله‌ی پێشووی، له پله‌ی سه‌ركرێكار ده‌ستی به كار كردووه. له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردووش‌دا ناچار كرابوو ده‌ست به گسكدانی شه‌قام و كۆڵانی ناو شار بكات و ئه‌وه‌نده‌ی گوشار خراوه‌ته سه‌ر، تا ناچار بووه خۆی بسووتێنێت.