پیاوێک لە مەهاباد بە بەکارهێنانی چەک هەر یەک لە هاوسەر و خەزووری خۆی کوشت. هۆکارە سەرەکییەکە بۆ ناکۆکی و کێشەی خێزانی گەڕێنراوەتەوە.
ئەو کەسەی تەقەی کردووە ناوی جەلال حسێنی بووە و تەقەی لە هەر یەک لە نەمام فەرهۆش تەمەن 42 ساڵی هاوسەری و خالید فەرهۆشی خەزووری کردووە و کوشتووە.
ئەم تاوانە لە گەڕەکی شارەوانیی مەهاباد روویداوە و رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هۆکارەکەی بۆ ناکۆکیی خێزانی و کێشەی کۆمەڵایەتی گەڕاندووەتەوە.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار نەمام فەرهۆش کێشەی لەگەڵ مێردەکەیدا هەبووە و پێشتر داوای جیابوونەوەی لەو کردووە و وا دیارە دۆسیەی جیابوونەوەیان گەیشتووەتە دادگا و نەیانتوانیوە بێ کێشە لە یەکتر جیا ببنەوە.
جێی باسە بکوژ دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵاتووە و پۆلیسی مەهاباد هێشتا نەیتوانیوە دەستبەسەری بکات.