لە مووسڵ پزیشكێك هەوڵی سووتاندنی ژنەپزیشكەكە دەدات

:: PM:06:42:13/12/2025 ‌

زۆر جار دەمارگیریی و نەریت بەسەر كێشە كۆمەڵایەتییەكان زاڵ دەبن و لە بەری چارەسەركردنیان، رووداواكان بەرەو ئاراستەیەكی زۆر خراپتر و ئەنجامدانی تاوانی قێزەون دەبەن، لە مووسڵ كێشەی خێزانیی دوو هاوسەری پزیشك بەرەو تاوان پەرەی سەند، كاتێك پیاوەكە هەوڵی سووتاندنی هاوسەرەكەی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی دا و یەكێكیان لە نەخۆشخانە دۆخی سەختە و ئەویتریان لە زیندان گیراوە.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە شاری مووسڵ وردەكاریی رووداوێكی ئاشكرا كرد كە لە چەند سەعاتی رابردوو سۆشیال میدیا و رای گشتیی پارێزگای نەینەوای تەنی، لە گەڕەكێكی بەری چەپی شاری مووسڵ، هەوڵی سووتاندنی ژنەپزیشكێك لە ناو ئۆتۆمبێلكەی درا، كاتێك لە نزیك ماڵەكەی وەستابوو، ئەنجامدەری تاوانەكە هاوسەری بووە، كە ئەویش هەر پزیشك بوو.

دوای رووداوەكە هێزە تەناهییەكان گەمارۆی ناوچەكەیان دا و هاوسەركەیان گرت و خەریكی لێكۆڵینەوەن لەگەڵیدا، هەرچی ژنەكەیە، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانی جەستەی لە دۆخێكی خراپیی تەندروستیدایە، بەپێی سەرچاوەكان هۆكاری رووداوەكە پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی نێوانیان بووە و چەند داوایان لە دادگە هەیە و ژنەكە داوای جیابوونەوەی كردووە. 

لە لایەكی تر لە شارەدێی سویر لە پارێزگای موسەنا باوك و كوڕێك بەهۆی پەرەسەندنی شەڕی منداڵان كوژران، سەرەتا رووداوەكە لە شەڕی منداڵانی كۆڵان دەستی پێ كردووە، دواتر باوكی یەكێك لە منداڵەكانی پەنای بۆ بەكارهێنانی چەك بردووە و باوك و كوڕەكەی كوشتووە و هەڵاتووە، بەپێی زانیارییەكان هەردوولا ئامۆزای یەكترن و خەڵكی یەك ناوچەن، تاوانبارەكەش كێشەی دەروونی هەبووە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل