ئەو كەسەی لەگەڵ باوكی تەقەیان لە نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان كرد و شەهیدیان كرد، دوای ئازادبوونی لە گرتووخانە، تەقەی لە هاووڵاتییەكی تریش كردوە و تا ئێستە نەگیراوە.
چوار ساڵ پێش ئێستە و لە چواری كانوونی یەكەم، نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی، لە كاتی چوونی بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی گرتنی كەسێك، بەناوی (ی.پ.ع) لە ناوچەی تانجەڕۆی شاری سلێمانی، بەڵام تۆمەتبارەكان كە باوك و كوڕێك بوون، ڕووبەڕووی ئەفسەرەكە و تیمەكەی بوونەوە، بەهۆیەوە نەقیب محەمەد شەهید كرا و دوو پۆلیسی تریش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی كانوونی یەكەم، سەرچاوەیەك لە بنەماڵەی ئەو كەسە بە میدیاكانی سلێمانیی راگەیاند، لەلایەن ئەو تەقەكەرەوە، ئێستە كەسێك بریندارە و لە نەخۆشخانەی شارە لە سلێمانی، ئەو كوڕەی بەشداربوو لە تەقەكردن لە شەهید محەمەد و دواتر ئازاد بوو، تەقەی لە كوڕێكی ئێمە كردووە و فیشەكی بەسنگیەوە ناوە و دواتر هەڵاتووە.
ئەوەش دەڵێن، كوڕەكەمان دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو كەسەی تەقەكەی كردووە، تا ئێستە نەگیراوە و هەڵاتووە.
ئازادبوونی ئەو كەسەی لەگەڵ باوكی بەتۆمەتی شەهیدكردنی نەقیب محەمەد لەتیف گیرابوو بەشێوەیەكە، باوكەكە هەموو تاوانەكەی خستووەتە ئەستۆی خۆی و گوتوویەتی، ئەو تەقەكەرەكە بووە و كوڕەكەی هیچ پێوەندییەكی بەڕووداوەكەوە نییە، بۆیە دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەر باوكەكەدا سەپاند و كوڕەكەشی ئازاد كرد.