ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دوو فەتوای نوێ بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:21:18/12/2025 ‌
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دوو فەتواری نوێی بڵاو كردەوە، یەكەم حوكمی فرۆشتنی كەلوپەلی گەڕاوەی ئەمازۆن لە جۆرەكانی ئەلیكترۆنی، میكس، پۆستەی گەڕاوەی (DHL ، دووەم حوكمی فرۆشتنی شووتی و كاڵەك و فەریكە نۆكە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18 كانوونی یەكەم، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، حوكمی فرۆشتنی كەلوپەلی گەڕاوەی ئەمازۆن لە جۆرەكانی ئەلیكترۆنی، میكس، پۆستەی گەڕاوە (DHL، ئەنجوومەن داوا لە مسوڵمانان دەكات كە هەمیشە مامەڵەی ڕاست و ڕەوان و بێ پێچوپەنا ئەنجام بدەن، دوور بكەونەوە لەو جۆرە مامەڵانەی نادیاری و ناڕوونییان تێدایە.

لەبارەی كڕین و فرۆشتنی كەلوپەلی گەڕاوەی ئەمازۆن لە جۆرەكانی ئەلیكترۆنی، میكس و پۆستەی گەڕاوەی (DHL)، بەم مەرجانەی خوارەوە دروستن:

1.  پێویستە ئەو كۆمپانیایەی كە ئەو كاڵایانە لە دەرەوەی وڵات و سەرچاوەی یەكەم دەكڕێت، ئەو كاڵایانە ببینێت و مەعلووم بێت لەلای، پێش ئەوەی بخرێتە ناو كارتۆن و كۆنتێنەرەكانەوە، ئەگەر یەكە یەكەش لە كاڵاكان نەبینێت، بەڵام هەندێكی ببینێت كە ئەو هەندە بەڵگە بن لەسەر باقییەكەی، یان لیستی هەموو ئەو كاڵایانەی دەیكڕێت ببینێت و هەندێكیش بە دیاریكراوی ببینێت.

2.  لە كاتی فرۆشتنەوەی ئەو كاڵایانە پێویستە ئەگەر ئەو كاڵایانە لەناو كارتۆندا بوون، كارتۆنەكان بكرێنەوە و كڕیار بەتەواوی لای مەعلووم بێت چی دەكڕێت ، ئەگەر كاڵایەكیش لەناو كارتۆنەكە داپۆشراو بوو نادیار بوو پێویستە بكرێتەوە. ئەگەر دەركەوت ئەو شتەی كڕیارەكە كڕیویەتی عەیبدارە، یان ئەو كاڵایە نییە كە لەسەری ڕێك كەوتوون، یان عادییە و بە ئەسڵی پێیان فرۆشتووە، یان چینییە و بە ژاپۆنی یان ئەوروپی پێیان فرۆشتووە.. هتد، ئەوە پێویستە لێی وەربگیرێتەوە، ئەگەر لێی وەرنەگرێتەوە ئەوە گوناهبار دەبێت و رزقەكەی حەرامە و كارەكەی دەچێتە خانەی غەش و فێڵەوه.

3.  نابێت كۆمپانیا ئەو كاڵایانە بفرۆشێت كە كاڵای حەرامن و بەكارهێنانیان نادروستە، پێویستە ئەو كارتۆنانەی كە دەیشكێنن و پێشانی كڕیاری دەدەن، ئەو جۆرە كاڵایانەی نادروستن لێیان دەربهێنن و ئەگەر بەرچاویان نەكەوت یان كڕیار تەماشای یەكە یەكەی كاڵاكانی نەكرد، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی و خێرا ڕوانییە كاڵاكانی ناو كارتۆنەكە، ئەوا پێویستە ئەو مەرجە دابنێن كە ئەو كاڵا حەرامانە داخلی مامەڵە و فرۆشتنەكە نین و پێویستە بگەڕێنرێنەوە.

 4.  لە حاڵەتێكدا كە كڕیارەكە نەیتوانی یەكەیەكەی كارتۆنەكان تەماشا بكات، پێویستە مافی پەشیمانبوونەوەی هەبێت، لە دوای شكاندنی كارتۆنەكان ئەگەر ئەو مەرج و داڕشتانەی تێدا نەبوو كە ڕێككەوتبوون لەسەری.

5.  ئەگەر ئەم كاڵایانە لە ڕێگەی ئۆنلاین و بەرنامەكانی وەك تیكتۆك عەرز دەكران و دەفرۆشران، پێویستە بە تەواوی ئەو كاڵایە عەرز بكات و مواسەفاتەكانی بەیان بكات ئینجا بیفرۆشێت، مەرجی پەشیمانبوونەوەش هەبێت لە كاتی بینینی كڕیار بۆ كاڵایەكە، واتە ئەگەر بەم ڕێگەیە فرۆشتی كڕیارەكەی بۆی هەیە كاتێك كە بینی پەشیمان بێتەوە ئەگەر وەك ئەو وێنەیە دەرنەچوو كە فرۆشیار عەرزی كردبوو، بە هیچ شێوەیەك دروست نییە كاڵاكان لە كارتۆنی داخراودا عەرز بكات و بە گۆترە بیفرۆشێت، چونكە ئەوە دەبێتە فرۆشتنی كاڵای نادیار (بیع الغرر) پێغەمبەر ئازیزیشمان ڕێگریی كردووە لەو كارە (نهی رسول الله- صلی الله علیه وسلم عن بیع الغرر) هەروەها دەچێتە خانەی قومار و یانسیب كە ئیجماعی زانایان هەیە لەسەر حەرامی.

6.  دروستە بەو مەرجەی پێشوو ئەو كاڵایانە بەشێوەی مەزاد لە ڕێگەی تیكتۆك و بەرنامەكانی ئینتەرنێت بفرۆشرێت، بەو مەرجەش كە (نجش)ی تێدا نەبێت، واتە بە فێڵ نرخەكەی لەسەر فرۆشیار زیاد نەكەن، بۆ نموونە كەسێك یان چەند كەسێكی خۆیان دابنێن بە فێڵ نرخی زیاتر لە كۆمێنت بنووسن، بە مەبەستی ئەوەی كڕیاری ڕاستەقینە نرخێكی زیاتر بە كاڵاكە بدات، هەروەها پێویستە بیفرۆشێت ئەو كەسەی كە یەكەم جار كۆمێنت دەنووسێت.

7.  نابێت ئەم كاڵایانە بگۆڕێت بە یەكتر، چونكە نرخ و كوالێتییەكانیان جیاوازە، وبۆ نموونە دروست نییە (میكس) بگۆڕێت بە (ئەمازۆن)، یان بە (DHL)، وەك ئەوەی هەندێ بازرگان ئەم كارە دەكەن، دەچن كارتۆنەكانی (میكس) دەشكێنن و كاڵاكانی دەخەن ناو كارتۆنی (ئەمازۆن) و لەزگەی (ئەمازۆنی) لێ دەدەن، چونكە ئەوەش جۆرێكە لە غەش و خیانەت، لەبەرئەوەی ئەو كاڵایانەی دەخرێنە ناو هەر كارتۆنێكی تر، نرخ و كوالێتییەكانیان جیاوازە لە كارتۆنەكەی تر، ڕەنگە كڕیارەكان لە كاتی كڕین هەستی پێ نەكات.

8.  بابەتی فرۆشتنی كاڵاكان بە خۆڵ و زبڵ، یان وەك ئەوەی پێی دەڵێن فەحم لە ڕێگەی ئۆنلاین یان ڕاستەوخۆ دروست نییە، چونكە لە شەریعەتدا پێویستە هەر كاڵایەك فرۆشیارەكە زانی عەیبێكی تێدایە ڕوونی بكاتەوە. 

ئەنجوومەنەكە دەڵێت، بە كورتی پێویستە لەم مامەڵەیەدا كڕیار و فرۆشیار بەتەواوی ئەو كاڵایەی دەیكڕن یان دەیفرۆشن، مەعلوم و دیار بێت و فێڵ و غەش و هەڵخەڵەتاندن و نادیاری تێدا نەبێت. 

ئەنجوومەنەكە لەبارەی فەتوای دووەم دەڵێت، پرسیار كراوە ئایا دروستە بێستانی گندۆرە و شووتی بە بنەوە و بە سەوزی بفرۆشرێت؟
وەڵام: فرۆشتنی بێستانی كاڵەك و شووتی بە بنەوە و بە سەوزی دروستە، بەڵام نابێت مەرجی ئەوە دابنێن كە كڕیار دەستبەجێ لێی بكاتەوه،‌ بەڵام ئەگەر تەنیا بەرەكەی بفرۆشێ بەبێ بڕك و بنەكەی ئەوە مەرجی ئەوەیه،‌ كە دەبێت بەرەكە پێگەیشتبێت و بخورێت یان سوودی لێ ببینرێت، هەروەها پێویستە كڕیارەكە یەكسەر بەرەكە لێ بكاتەوە و دوای نەخات لە بەیانی تا ئێوارە، چونكە بێستان وردە وردە پێدەگات و ئەو كاتە ئەوەی كڕیویەتی تێكەڵی ئەوە دەبێت كە نەیكڕیوە.

ئەنجوومەنەكە ئاماژە بەوەش دەكات، بەڵام ئەگەر بێستانەكەی هەمووی فرۆشت بڕك و بەرەكەی پێكەوە، ئەوە دروستە بەو مەرجەی بڕكەكان بەریان دابێت یان كوڵوكیان كردبێت، ئەگەر كاڕكیان دابێت یان بەشێكیان گەییبن و پێڕاگەیشتبن ئەوە باشتریشە .

پرسیاری دووەم ئایا دروستە فەریكە نۆك بە دەسك بفرۆشرێت و ئەگەر دروستە ئایا زەكاتەكە لەسەر كڕیار
Ramyar
وه‌ڵام: له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعیدا -رحمه الله- فرۆشتنی نۆك به‌ فه‌ریكی دروست نییه‌ ته‌نها به‌ شێوه‌ی ده‌ست له‌سه‌ر هه‌ڵگرتن نه‌بێت، چونكه‌ زه‌كات په‌یوه‌ست بووه‌ پێوه‌ی و پێویسته‌ زه‌كاتی لێ بدرێت به‌ڵام له‌ مه‌زهه‌بی ئیمای ئه‌بو حه‌نیفه‌ -رحمه الله- دروسته‌، بۆیه‌ ئه‌و جوتیاره‌ی ده‌یه‌وێت به‌ فه‌ریكی نۆكه‌كه‌ی بفرۆشێت با به‌ شێوه‌ی ده‌ست له‌سه‌ر هه‌ڵگرتن (رفع الید) وازی لێبهێنێ به‌رامبه‌ر مه‌بلغێك كه‌ ڕێك ده‌كه‌ون له‌سه‌ری، یان خۆی ته‌قلیدی ئیمامی أبو حنیفه‌ بكات، به‌ڵام پێویسته‌ نییه‌تی زه‌كات لێدانی هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌ زه‌كاتیش كاتێك ده‌نكه‌ نۆكه‌كان ڕه‌ق بوون زه‌كات له‌ خودی نۆكه‌كه‌ ده‌دات، به‌و مه‌رجه‌ی به‌ وشكی ئه‌و به‌روبوومه‌ بگاته‌ ئه‌ندازه‌ی زه‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی ده‌ست له‌سه‌ر هه‌ڵگرتن به‌ فه‌ریكی فرۆشتی یان خۆی ته‌قلیدی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ كرد -رحمه الله- ئه‌وه‌ زه‌كات له‌و پاره‌یه‌ ده‌دات كه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت لێی، به‌و مه‌رجه‌ی لای سه‌ره‌وه‌، وه‌ زه‌كاته‌كه‌ش له‌سه‌ر جوتیاره‌ فرۆشیاره‌كه‌یه‌. 
 
پرسیاری سێهه‌م: ئایا دروسته‌ گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ به‌ بنه‌وه‌ بفرۆشرێت جا چ له‌ كاتی سه‌وزی بێت یان دوای ئه‌وه‌ی ده‌نكه‌كه‌ی ڕه‌ق بووبێت و پێگه‌یشتبێت، وه‌ ئه‌گه‌ر دروسته‌ ئایا زه‌كاته‌كه‌ له‌سه‌ر كڕیاره‌ یان فرۆشیار؟؟.

وه‌ڵام: فرۆشتنی گه‌نم به‌ سه‌وزی پێش ره‌قبوونی ده‌نكه‌كانی دروست نییه‌، مه‌گه‌ر به‌ مه‌رجی یه‌كسه‌ر لێكردنه‌وه‌ی بیفرۆشێت، یان به‌مه‌رجی یه‌كسه‌ر هه‌ڵقه‌ندنی به‌بنه‌وه‌ بیفرۆشێت.

به‌ڵام زانایان ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر ویستی به‌سه‌وزی بیكرێ بۆ عه‌له‌فی ئاژه‌ڵ ئه‌وه‌ ڕێگه‌ی شه‌رعی بۆ ئه‌م كاره‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌مه‌رجی یه‌كسه‌ر لێكردنه‌وه‌ و هه‌ڵكه‌ندن به‌ بڕكه‌وه‌ بیكڕێت، پاشان زه‌ویه‌كه‌ له‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ كرێ وه‌ربگرێت یان لێی بخوازێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی به‌روبومه‌كه‌ لێده‌كاته‌وه‌، وه‌ك له‌ حاشیه‌وەه‌ سه‌باره‌ت به‌و دانه‌وێڵانه‌ی ده‌نكه‌كانیان ڕه‌ق بووه‌ و دروست نییه‌ له‌ناو گوڵه‌كانیان بفرۆشێن و پێویسته‌ له‌ گوڵەكانیان ده‌ربهێنرێن و جودابكرێنه‌وه‌ ئینجا بفرۆشرێن، به‌ڵام ئه‌و جۆرانه‌یان كه‌ ده‌نكه‌كانیان دیارو به‌رچاوه‌ وه‌ك جۆ دروسته‌ به‌بێ مه‌رجی لێكردنه‌وه‌ بفرۆشرێت.

سه‌باره‌ت به‌ زه‌كاتیش زه‌كات له‌سه‌ر خاوه‌ن تۆوه‌ واته‌ له‌سه‌ر فرۆشیاره‌كەیە


وشە - رامیار جەواد