شەوی ڕابردوو لە ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ڕووداوێكی غازی سۆپا رووی داوە كە بەهۆیەوە دوو هاووڵاتیی نەتەوەی عەرەب گیانیان لە دەست دا.
ئەمڕۆ شەموو 20ـی كانوونی یەكەم و بەپێی زانیارییەكان، ئەو دوو هاووڵاتییە باخێكیان لە ناوچەی مێرگەپان كڕیوە. بڕیاریان دابوو بۆ یەكەمجار و لەم شەوەدا لەناو باخە نوێیەكەیاندا بمێننەوە، بەڵام چارەنووس ڕێگەی نەدا چێژ لە موڵكە نوێیەكەیان ببینن.
ئەوەش زانراوە، هۆكاری مردنی ئەو دوو هاووڵاتییە "غازی سۆپا” بووە و لە كاتی خەودا خنكاون. قوربانییەكان هەردووكیان پیاون، یەكێكیان 24 ساڵە و ئەوی تر 35 ساڵە.
ئێستە تەرمەكان گواستراونەتەوە بۆ پەیمانگەی پزیشكیی دادی سلێمانی، بەمەبەستی ئەنجامدانی توێكاری و تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان.