بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پیاوێکی میسری کە بانگەشەی چارەسەری ڕۆحانی دەکات و دەست بۆ شوێنی هەستیاری ژنێک دەبات، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و پۆلیس ناسنامەکەی ئاشکرا کرد و گرتی.
ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەم، میدیاکانی میسڕ بڵاویان کردەوە، پۆلیسی پارێزگای دەقەهلیە کەسێکیان گرتووە کە تۆمەتبارە بە کاری نوشتە و جادوو، دوای ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە بە پاساوی چارەسەری "نەزۆکی" و دەرکردنی جن، دەست دەخاتە سەر شوێنە هەستیارەکانی جەستەی ژنێک.
لە بەردەم لێکۆڵەراندا، تۆمەتبارەکە کە ناوی "ڕەزا"یە، ددانی بە ڕاستیی ڤیدیۆکەدا ناوە، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ڕووداوەکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ 10 ساڵ پێش ئێستە لە گوندی "کەفر سەقر". ناوبراو گوتوویەتی "ماوەی پێنج ساڵە وازم لەم کارە هێناوە، دوای ئەوەی نەشتەرگەریی دڵم بۆ کرا"
لە ڤیدیۆکەدا تۆمەتبارەکە دەردەکەوێت کە ئایەتی قورئان دەخوێنێتەوە و وشەی تێنەگەیشتوو دەڵێت، هاوکات دەست بۆ جەستەی ژنەکە دەبات بە بیانووی دەرکردنی سیحر. ئەمەش تووڕەیی زۆری لای بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دروست کردووە و بە "دەستدرێژی بۆ سەر شەرەفی ژنان بە ناوی ئایین" وەسفیان کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، دەرکەوتووە تۆمەتبارەکە بە هاوبەشی لەگەڵ کوڕەکەی، کاری نوشتە و جادوو دەکات و خەڵکی ساکار و نەخۆش دەقۆزێتەوە، بۆیە دۆسیەکەی ڕەوانەی داواکاری گشتی کراوە.