گەشەی دانیشتووانی ئیسرائیل بۆ کەمترین رێژەی لە مێژووی وڵاتەکە دابەزی

:: AM:11:52:31/12/2025 ‌
رێژەی گەشەی دانیشتووانی ئیسرائیل زۆر بە خێرایی رووی لە دابەزین کردووە و بەپێی دواین ئامارەکانی ئەو وڵاتە رێژەی گەشەسەندن بە نزیکەی 0.9% تۆمار کراوە.

لەوەتەی دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵی زاینی ئەو رێژە کەمە لە گەشەی دانیشتووان رووی نەداوە.

بەپێی شرۆڤەی ناوەندی تاوب لە دەیەی 1950ەوە  هیچ ساڵێک نەبووە تەنانەت رێژەی گەشەی دانیشتووانی ئیسرائیل لە 1.5% کەمتر ببێتەوە، بەڵام ساڵی 2025 دۆخەکە گۆڕدراوە و لە تەواوی ساڵەکە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە 101 هەزار کەس زیادی کردووە.

ناوەندەکە کۆمەڵێک هۆکاری بۆ پاشەکشەی گەشەی دانیشتووان خستووەتە روو ، بەرزبوونەوەی رێژەی مردن بەراورد بە ساڵانی رابردوو و لە هەمان کاتدا دابەزینی وەجەخستنەوە و رێژەی منداڵبوون لە نێو دانیشتووانی جوو و تەنانەت عەرەب و کۆچی پێچەوانە بە سێ هۆکاری سەرەکی هەژمار دەکرێن.

لە ساڵانی رابردوو ئەو ژمارە لە خەڵکەی روویان لە ئیسرائیل دەکرد و لەو وڵاتە دەگیرسانەوە زیاتر بوو لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئیسرائیلەوە کۆچیان دەکرد بەڵام لە ساڵی 2025 دۆخەکە پێچەوانەیە.


وشە - سلێمان تاشان