یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، ئاماری گشتیی گرنگترین چالاكییەكانی ساڵی 2025 بڵاو كردەوە، بەپێی ئەو ئامارە ساڵی رابردوو 906 سوڵح كراوە بۆ چارەسەری كێشەكان.
ئەمڕۆ یەكشەم چواری كانوونی دووەم، بەپێی ئامارێك یەكێتیی زانایانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئاماری لیژنەكانی فەتوا، لە هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو كێشانەی روویان كردووەتە لقەكانی یەكێتیی زانایان لە ساڵی 2025دا، بەتایبەت لە بواری كێشەی خێزانی، بریتی بووە لە (2713) حاڵەت، لە ناویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەر و بە "تەڵاق"جیابوونەوە كۆتاییان هاتووە، بریتی بوونە لە (1930) حاڵەت.
هەر بەپێی ئامارەكە سەرەڕای دەركردنی (18) فەتوای فەرمی؛ ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایان و لیژنەكانی فەتوای سەربە لقەكان، (6379) پرسیاری شەرعیی هاووڵاتییانیان وەڵام داوەتەوە، (1391) كێشەی میرات و زەویوزار و (1432) كێشەی مامەڵە و بازرگانی و كڕین و فرۆشتنی چارەسەر كردووە.
ئەو یەكێتییە دەڵێت، توانراوە لە كوردستاندا (906) پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت، بەشێكیان كۆمەڵایەتی و خێزانی و بەشێكیان پێوەست بوون بە كێشەی مامەڵە و میرات و زەویوزار و تەنانەت كێشەی خوێنداریش بووە.
لەلایەكی تریشەوە یەكێتیی زانایان لە ماوەی ساڵێكدا توانیویەتی (1051) سیمینار و خول و وانەی زانستی و شەرعی ساز بكات، لە ناو چاكسازییەكانیشدا (112) سیمیناری تایبەت پێشكەش بكات.
هەر بەپێی ئاماری ساڵی رابردوو، توانراوە (901) پرۆسەی كۆمەكی و هاوكاریكردن ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا توانراوە كێشە و خواستی (485) مامۆستای ئاینی چارەسەر بكرێت