پزیشگی دادی سلێمانی ئاشكرای دەكات، یەك لەسەر چواری حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان لە ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بووە و هۆكارەكەشی بۆ خێرایی شۆفێران دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی كانوونی دووەم، بەختیار ڕەشید قادر پزیشكی دادی ڕای گەیاند، لە ساڵی 2025دا (835) حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پزیشكی دادی سلێمانی تۆمار كراوە، لەو ڕێژەیەش (226) حاڵەتیان بەڕووداوی هاتوچۆوە بووە، كە دەكاتە ڕێژەی یەك لەسەر چواری گیان لەدەستدانەكان و زۆرترین حاڵەتیش لە مانگی (11)دا بووە كە (29) حاڵەتە.
ئەو پزیشكە دادییە ئاشكراشی كرد، لە حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان بەڕووداوی هاتوچۆ (183) لە ڕەگەزی نێر و (43) ڕەگەزی مێ بوون، هاوكات (34) حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ماتۆڕسكیل و (31) حاڵەت پیادەڕەو و (161) حاڵەتیش بەهۆی ڕووداوی ئۆتۆمبێلەوە بووە.
بەختیار ڕەشید قادر پزیشكی دادوەری هۆكاری ڕووداوەكانی هاتوچۆی بۆ خێرایی شۆفێران گێڕایەوە و گوتی، زۆرینەی ئەو كەسانەی گیانیان لە دەست داوە، زەبر و زیانی زۆر بەر سەریان كەوتووە و هۆكارەكەشی بۆ نەبەستنی پشتێنی سەلامەتیی دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئامارێك لە ساڵی 2024 لە سلێمانی هەزار و 12 رووداوی هاتوچۆ روویداوە 155 هاووڵاتی گیانی لە دەستداوە و سێ هەزار و 582 هاووڵاتی بریندار بوونە.